لە ڕێوڕەسمێکی بە شکۆدا، باخچەی منداڵانی "ئەستێرە لە کەمپی جێژنیکان بە بەشداریی نوێنەرانی ڕێکخراوی ئەی ڤی سی ئینتێرنەشناڵ و ژمارەیەک لە ئەندامانی ڕێبەریی حیزبی دێموکرات و بنەماڵەکان لەو کەمپە کرایەوە.
هەواڵنێری ماڵپەڕی "کوردستان میدیا" ڕایگەیاند، ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ١٥ی پووشپەڕی ٢٧٢١ی کوردی، لە ڕێوڕەسمێکدا باخچەی منداڵانی "ئەستێرە" لە کەمپی جێژنیکانی حیزبی دێموکرات بە بەشداری نوێنەرانی ڕێکخراوی ئەی ڤی سی ئینتێرنەشناڵ و ژمارەیەک لە ئەندامانی ڕێبەریی حیزبی دێموکرات و بنەماڵەکانی ئەو کەمپە بۆ منداڵان کرایەوە.
لەو ڕێوڕەسمەدا سەرەتا مامۆستا "عەلی ئاسریس" بەرپرسی بەشی کۆمەڵایەتی لە جێژنیکان چەند وتەیەکی سەبارەت بەو پرۆژەیە پێشکەش کرد.
ناوبراو ڕێزی لە هەوڵ و تێکۆشانی بنەماڵەکانی ئەو کەمپە و بەرپرسانی ڕێکخراوی ئەی ڤی سی ئینتێرنەشناڵ گرت.
دواتر بەڕێز "ساشا" بەرپرسی ڕێکخراوی ئەی ڤی سی ئینتێرنەشناڵ چەند وتەیەکی پێشکەش کرد و لە قسەکانیدا ئاماژەی بەوە کرد ئەوان خۆشحاڵن کە دەبینن لەو کەمپەدا بە هاوکاریی یەکتر توانیویانە پارکێکی منداڵان دروست بکەن و خزمەت بە منداڵاکان وەک داهاتووی کۆمەڵگا بکەن.
ناوبراو وتی پیرۆزبایی لە هەموو منداڵان و بنەماڵەکانی ئەو کەمپە دەکەم و ئێمە وەک ئەرکێک بەرانبەر بە منداڵان ئەم کارەمان ئەنجام داوە بۆ ئەوەیکە ژیانی خۆشیان بۆ دابین بکەین.
لەو ڕێوڕەسمەدا، لەلایەن بەڕێز "ساشا" و مامۆستا "عەلی ئاسریس" پەردە لە سەر تابلۆی ئەو باخچەیە لادرا.
لە بڕگەیەکی دیکەی ئەو ڕێوڕەسمەدا "عەلی ئاسریس" بەرپرسی بەشی کۆمەڵایەتیی لە جێژنیکان، بە نوێنەرایەتیی دەستەی بەڕەوەبەریی کاری حیزب لە جێژنیکان، لەوحێکی ڕێزلێنانی پێشکەش بە نوينەری ڕێکخراوی ئەی ڤی سی ئینتێرنەشناڵ کرد.
دواتر باخچەی منداڵان لەلایەن مامۆستا "عەلی ئاسریس" و بەڕێز "ساشا" کرایەوە.