کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێوڕەسمی کۆتاییی دەورەکانی فەرماندەییی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بەڕێوە چوو

16:18 - 15 بانەمەڕ 2719

کوردستان میدیا: لە چیاکانی کوردستان، ڕێوڕەسمی کۆتاییی دەورەکانی فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان، بەڕێوە چوو.

ڕۆژی پێنجشەممە، ١٢ی بانەمەڕ، لە چیاکانی کوردستان، لە لایەن فەرماندەییی هێزی پێشمەرگەی کوردستانەوە، ڕێوڕەسمی کۆتاییی دەورەکانی فەرماندەیی، بە بەشداریی بەشێکی بەرچاو لە فەرماندە نیزامییەکانی هێزی پێشمەرگەوە بەڕێوە چوو.

دەورەکانی فەرماندەییی ۲ و ٤، لە مانگی سەرماوەزی ساڵی ۱۳۹۷دا، دەستیان پێ کرد. ئەو دەورانە لە چەند ئاستدا بەڕێوە چوون، کە بریتین لە: دەورەی فەرماندەیی و بەڕێوەبەری، دەورەی گشتیی نیزامی و دەورەی تایبەتی پسپۆڕی.

لەو دەورانەدا کۆمەڵێک فەرماندە و پێشمەرگە توانییان بەشداری بکەن و لە باری زانستی و هزری و تاکتیکییەوە، ئەزموونێکی دیکە بە ئەزموونەکانیانەوە زیاد بکەن.

سەرەتای ڕێوڕەسمەکە بە سروودی نەتەوایەتیی "ئەی ڕەقیبـ"ـەوە دەستی پێ کرد.

پاشان "کاوە بەهرامی"، بەرپرسی فەرماندەییی هێزی پێشمەرگەی کوردستان، دوای سانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان، چەند وتەیەکی بەو بۆنەوە پێشکەش کرد.

"کاوە بەهرامی"، لە قسەکانیدا ئاماژەی بە بارودۆخی هەنووکەی خەبات، هەلومەرجی سیاسی و ئابووریی نێوخۆی ئێران و بارودۆخی کوردستان کرد. لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بە بڕیاری بەتیرۆریست ناساندنی سپای تێرۆرستی پاسداران لە لایەن وڵاتی ئامریکاوە کرد.

ناوبراو وتی: "ئێمە ٤۰ ساڵە لەگەڵ سپایەکی تێرۆریست و داگیرکەر بەربەرەکانێ دەکەین و لە بەرامبەریدا ڕاوەستاوین و لەمەوبەدواش درێژە بە بەرخۆدانی خۆمان لە هەمبەر ئەو تێرۆریستانەدا دەدەین".

لە بەشێکی دیکەی ئەو ڕێوڕەسمەدا، ڕاپۆرتی کۆتاییهاتنی دەورەکان لە لایەن، "سەدیق دەرویشی"، جێگری بەرپرسی فەرماندەیی و بەرپرسی هەیئەتی بەڕێوەبەریی دەورەکانی فەرماندەیی، پێشکەش کرا.

هەر لەو ڕێوڕەسمەدا، "پێشەوا محەمەدی"، "یاسین قادری" و "سەلام گردەسووری"، چەند پارچە گۆرانی  و هەڵبەست و سروودیان پێشکەش کرد.

ڕێوڕەسمەکە بە ڕێژەی بەشێک لە پێشمەرگە و فەرماندەکانی بەشداربووی دەورەکان، کۆتایی پێ هات.