کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێوڕەسمی ١٠ی خاكەلێوە ڕۆژی شەھیدانی كوردستان لە وڵاتی سوویس بەڕێوەچوو

22:46 - 16 خاکەلێوه 2716

کوردستان میدیا: ڕێورەسمێک بە بۆنەی ١٠ی خاکەلێوە ڕۆژی شەهیدانی کوردستان لە وڵاتی سوویس بەڕێوە چوو.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕۆژی یەکشەممە ڕێكەوتی ١٥ی خاکەلێوەی ١٣٩٥ی هەتاوی، ڕێوڕەسمێک بۆ ڕێزگرتن لە ١٠ی خاكەلێوە بەڕێوەچوو.

سەرەتای ڕێوڕەسمەکە بە سروودی نەتەوەیی ئەی ڕقیب و ڕاگرتنی خولەكێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەھیدانی كورد و كوردستان دەستی پێ‏كرد.

دواتر حه‌مید چووپانی له‌ وته‌یه‌كی كورتدا له‌ لایه‌ن كومیته‌ی حیزبه‌وه‌ به‌خێر هاتنی به‌شدارانی ڕێوڕه‌سمه‌كه‌ی كرد.

پاشان پەیامی ھاوبەشی كۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ـ سویس و پارتی سوسیالیست لە لایەن فەوزیە پەریسانەوە پێشكەش كرا.

دواتر ھەڵمەت مەعرووفی وتارێکی پێشكەش كرد، مەعڕووفی وێڕای ئاماژەدان بە دەستکەوتەکانی کۆمار وەک ئاڵا، سروودی نەتەوەیی، هێزی پێشمەرگە و هێنانە نێو مەیدانی خەباتی ژنان و لاوان و بە ڕێکخستن کردنی ئەو توێژە گرنگانەی کۆمەڵگای کوردی و پەرەپێدان بە زمانی کوردی، لە ڕوانگەی ئاسایشی بوونناسانەوە، باسی لە کۆمار و کەسایەتی پێشەوا قازی محەممەد کرد.

دواتر پارچە ھۆنراوەیەک لە لایەن ئەحمەد شۆڕش ھەمزەەوە پێشكەش كرا.

لە درێژەی ڕێوڕەسمەکەدا ڕەحیم محەممەدی وتارێكی دیکەی پێشكەش کرد.

محەممەدی لە وتارەکەیدا وێڕای بەرز نرخاندنی كەسایەتی پێشەوا ئاماژەی دا بە ڕۆڵی پێشەوا وەک كەسایەتییەكی كاریگەر لە میژووی كوردا، ناوبراو لە درێژەی باسەكەیدا جەختی لە سەر ئەوە كردەوە کە نابیت ھەوڵ بۆ بەحیزبی كردن و حیزبی نیشان دانی كەسایەتی پێشەوا بدرێت و پێشەوا پێش ئەوەی كە كەسایەتی و دامەزرینەری حیزبی دێموكرات بێت، كەسایەتیەكی نەتەوەیی بووە.

لە برگەیەكی دیكەی ڕێوڕەسمەكەدا لەوحی ڕیزلێنان پێشكەش بە بنەماڵەی سەربەرزی شەھیدان كرا.

پاشان پەیامی یەكیەتیی لاوانی دێموكراتی كوردستانی ئێران لە وڵاتی سوویس لە لایەن شاھۆ تەیمووریەوە خوێندرایەوە.