کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێوڕەسمی ٢٦ی سەرماوەز لە چیا سەرکەشەکانی کوردستان بەڕێوە چوو

18:28 - 23 سەرماوەز 2720

ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٢٢ی سەرماوەزی ١٣٩٩ی هەتاوی، بە بەشداریی بەشێک لە ئەندامانی ڕێبەریی حیزبی دێموکرات و بەشێک لە هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان، لە چیاکانی کوردستاندا ڕێوڕەسمێکی بەشکۆ بۆ ڕۆژی پێشمەرگەی کوردستان بەڕێوە چوو.

سەرەتای ڕێوڕەسمەکە بریتی بوو لە سانی نیزامیی هێزی پێشمەرگە؛ پاشان سروودی دوژمنشکێنی "ئەی ڕەقیب" لەلایەن هێزی پێشمەرگەوە خوێندرایەوە؛ دواتر چەند ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کورد و کوردستان ڕاگەیەندرا و هەموو هێزی پێشمەرگەی کوردستان سوێندی نیشتمانییان خوارد.

لە بڕگەی دواتردا هیزەکانی پێشمەرگە بە ڕێژەی تایبەتی پێشمەرگانە و وەرگرتنی سان، کەشێکی تایبەتیان بە ڕێوڕەسمەکە بەخشی و ئامادەیی هێزەکانیان پیشان دا.

بڕگەی دواتری ڕێوڕەسمەکە بریتی بوو لە پێشکەشکردنی پەیامێک لەلایەن "محەممەدنەزیف قادری" جێگری دووەمی لێپرسراوی گشتیی حیزبی دێموکرات بەبۆنەی ڕۆژی پێشمەرگەوە.

ناوبراو لە پەیامەکەیدا وێڕای ئاماژەدانێکی کورت بە مێژووی پڕ لە کەندولەندی خەباتی هێزی پێشمەرگە و لایەنە دیرۆکییەکانی، پێداگریی لەسەر نەخش و ڕۆڵی پێشمەرگە لە قۆناغە جۆراوجۆرەکانی خەباتی کورد کرد و باسێکی تێروتەسەلی لە پێوەندی لەگەڵ پێگەی پێشمەرگە لە ئاستی نێوخۆیی و نێونەتەوەیی پێشکەش کرد.

"قادری" لە قسەکانیدا باسی لەوە کرد: "دوای ئەوەیکە کۆماری کوردستان ڕاگەیەندرا و لە دانیشتنە فەرمییەکانی ئەنجومەنی وەزیرانی کۆماری کوردستاندا بە سەرۆکایەتیی پێشەوای نەمر ناوی پێشمەرگە دیاری کرا؛ ناوی پێشمەرگە بوو بە شکۆی خەباتی نەتەوەخوازیی گەلی کورد. لەو کاتەوە هەتا ئێستا حیزبی ئێمە، دامەزرێنەری کۆماری کوردستان و ناودێرکردنی ناوی پێشمەرگە؛ پێشمەرگە بووەتەوە هێمای ڕزگاریی نەتەوەیی و وەک سیمبۆلی خەبات و بەرخۆدانە و ئەو ڕۆڵە خۆبەخشه لە ڕێگای وەدیهێنانی ئامانجە سیاسیەکانی گەلی کورد لە عەرسەی سیاسی و لە مەتەرێزی شەرەف و کەرامەتدا لەو ڕێگایە خەبات دەکات".

پاش پەیامی "قادری"، بەپێی نەریتی ساڵانە لەوحی ڕێزلێنانی ٢٠ ساڵە کە تایبەتە بەو پێشمەرگانەی کە ماوەی ٢٠ ساڵ لە سەنگەرەکانی بەرخۆدان و پارێزگاری لە کەرامەتی نەتەوەکەیان بەشدار بوون، لەلایەن بەرپرسی دەزگای فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەوە پێشکەش کرا.

لە ڕێوڕەسمی ئەمساڵدا شەش هاوڕێی پێشمەرگە ئەم لەوحەیان وەرگرت کە بریتین لە بەڕێزان: "سەلیم زەنجیری، والی دروودی، عوسمان مستەفاپوور، سەردار عوسمانی، ستار ئیبراهیمی و شەهریار ئەمین‌پوور".

دواتر خەڵات بەسەر براوەکانی کێبڕکێی سیاسی و نیزامیی هێزی پێشمەرگەدا دابەش کرا کە لە ماوەکانی ڕابردوودا و لە بەرەبەری هاتنی ڕۆژی پێشمەرگە لە بوارەکانی سیاسی – فکری و سەربازی بەڕێوە چووبوو.

ئەو کەسانەی لەم بڕگەیەدا خەڵاتیان پێشکەش کرا بریتین لە:

- "سەباح بێوەر" لە بواری سیاسی و فکری

- "پێشەوا ڕۆستەمی" لە بواری نیزامی بۆ تاقیکاریی چەکی کڵاشنیکۆف

- "مەهناز ئەختەرشناس" لە بواری نیزامی بۆ تاقیکاریی چەکی قەناسە

هاوکات لەگەڵ بەڕێوەچوونی ئەم ڕێوڕەسمە، ڕێوڕەسمی کۆتاییهاتنی دەورەی ٢٤٥ی سەرەتایی پێشمەرگەش بەڕێوە چوو کە لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا فیرخوازانی بەشدار لە فێرگەی فەرماندەیی هێزی پێشمەرگە بە وانەکانی سیاسی و نیزامی ڕاهێنرابوون.

لەم بەشەدا سەرەتا ڕاپۆرتی ئاموزشیی دەورە لەلایەن "سەروەر مەعرووفی" مامۆستای فێرگەوە پێشکەش بە بەشداربووان کرا. دواتر سروودێک لەژێر ناوی "ڕاسان" لەلایەن بەشداربووانی دەورەوە پێشکەش کرا.

بڕگەی دواتری ڕێوڕەسمەکە بریتی بوو لە پەیامی کۆتاییهاتنی سەرکەوتووانەی دەورەی ٢٤٥ی سەرەتایی پێشمەرگە کە لەلایەن بەشداربووی دەورە "بێنیامین فەرەج‌ زادە"وە پێشکەش کرا.

پاشان شێعرێک لەژێر ناوی "قاسملوو وەرە ڕاسان چاوەڕێتە" لە هۆنینەوەی بەشداربووی دەورە "هێمن ئیسافی" پێشکەش کرا.

بەپێی نەریتی هەموو دەورەیەک سەرکەوتووان لە بوارەکانی کۆنمرەی وانە سیاسی و نیزامییەکان و پاراستنی نەزم و دیسیپلین خەڵاتیان بەسەردا دابەش کرا کە بریتی بوون لە:

بواری سیاسی و نیزامی:

- "شەیدا ڕەسووڵ دنخە" نەفەری یەکەم

- "بێنیامین فەرەج‌ زادە" نەفەری دووەم

- "مەرزیە حاجی ‌پوور" نەفەری سێیەم

بواری پاراستنی نەزم و دیسیپلین:

- "ئەحمەد ڕەحمانی" نەفەری یەکەم

- "مەسعود سەلیمی" نەفەری دووەم

- "ڕووناک قادری" نەفەری سێیەم

کۆتابڕگەی ئەم ڕێوڕەسمەش بریتی بوو لە ئەنجامدانی کۆمەڵێک جووڵە و نمایشی تایبەتی نیزامی کە دەرخەری ئامادەیی جەستەیی و نیزامیی هێزەکانی پێشمەرگە بوو کە سەرنجی بەشداربووانی ڕێوڕەسمەکەی بۆ لای خۆی ڕاکێشا و ڕێوڕەسمەکە لە کەشێکی پێشمەرگانەدا کۆتایی پێهات.