کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێوڕەسمی ٢٦ی سەرماوەز لە کەمپی جێژنیکان بەڕێوە چوو

12:36 - 28 سەرماوەز 2718

کوردستان میدیا: ڕێوڕەسمێکی بەشکۆ بۆ رێزگرتن لە خەبات و کۆڵنەدانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە کەمپی جێژنیکان بەڕێوەچوو.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ٢٧ی سەرماوەزی ١٣٩٧ی هەتاوی بەبەشداری بەشێک لە ئەندامانی ڕێبەریی حیزب، کادر و پێشمەرگە و بنەماڵەکانیان لە کەمپی جێژنیکان، ڕێوڕەسمێکی بەشکۆ و تایبەت بە ٢٦ی سەرماوەز بەڕێوەچوو.

ڕێوڕەسمەکە بە خوێندنی سروودی نەتەوایەتی ئەی رەقیب و ڕاگرتنی چەند ساتێک بێدەنگی بۆ رێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدان دەستی پێکرد.

دواتر بەڕێز تەیموور مستەفایی ئەندامی ناوەندی سیاسی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەم بۆنەوە چەند وتەیەکیان پێشکەش کرد؛ ناوبراو لە ئاخاوتنەکەیدا وێڕای ئاوڕدانەوەیەکی خێرا لەسەر ڕۆژ و ناوی پێشمەرگە باسی لەوە کرد کە " پێشمەرگە ھێزی چەکداری گەلە، بەڵام ھێزێکە کە کاری تەنیا چەکھەڵگرتن و شەڕکردن و کوژران و کوشتن نییە، بەڵکوو چەکدارێکە کە دەزانێ چەکی ھەڵگرتووە تا لە پێناو ئامانجێکدا کە وەدیھێنانی دێموکراسی و ڕزگاریی نەتەوەییە بۆ گەلەکەی خەبات بکات. ئەو دەزانێ و بە قووڵی تێگەیشتووە کە گەلەکەی چەوسێندراوەتەوە، زوڵمی لێ کراوە و حاشا لە بوونی دەکرێت، ڕێگای پێشکەوتنی لێدەگیرێ و لە یەک کەلامدا کەرامەتی خەوشدار دەکرێت. پێشمەرگە دەزانێ ئەم گەلە بەھێزی خۆی و بە قارەمانەتی و فیداکاریی ڕۆڵە بەوەجەکانی نەبێ، ھەرگیز بە ڕزگاری و ئازادی ناگات. لەم تێگەیشتنەوەیە کە خۆشەویستترین کەسەکانی، واتە بنەماڵەکەی بەجێ دەھێڵێ و بۆ خەبات لەپێناو ڕزگاریی گەلەکەی ڕوو لە ڕیزی پێشمەرگایەتی دەکات. ئەوان دەزانن پێشمەرگایەتی یانی دەستھەڵگرتن لە ھەموو خۆشییەکانی ژیان و خۆبەختکردن لە پێناوی گەلەکەیان، و لە ڕاستیدا ئەم ڕێگایەیان بە ئاگاییەوە ھەڵبژاردووە. ھەر بۆیە شایانی ھەموو رێزلێگرتنێکن."

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا وێڕای ئاوڕدانەوە لە دۆخی داسەپاو بەسەر کوردستان و کەشوهەوای سیاسی ئێران و کوردستان وتی: "ئێران لە ساڵی ٩٧ی هەتاویدا لەگەڵ چەندین کێشە و قەیران ڕووبەڕووە کە پێنج لەم قەیرانانە بە (ئەبەر چالش) یان قەیرانی قووڵ دەناسرێن کە بە وتەی لایەنی فەرمیی حکووومەت بریتین لەم قەیرانانە. قەیرانی ئاو، قەیرانی ژینگە، قەیرانی بێکاری، قەیرانی سیستمی بانکی، قەیرانی سندووقی خانەنشینی. بوونی ئەم قەیرانانە ئەگەر گەمارۆکانی ئەمریکاشی لێ زیاد بکەین کە ڕۆژ بەڕۆژ توندتر و بەربڵاوتر دەبن و ئەو دەوڵەتانەش کە بەڵێنییان بە ئێران دابوو کە لە دەربازبوونی ئەو قەیرانانەدا یارمەتیی ئێران بکەن، بێجگە لە قسە نەبێ هیچیان پێ ناکرێ، تەنانەت ئەگەر کارێکیشیان پێ بکرێ تا ئێستا بە کردەوە هیچیان نەکردووە".

پاش قسەکانی کاک تەیموور مستەفایی، سروودێک لەژێر ناوی پێشمەرگە لەلایەن هونەرمەند غوڵام فاتحییەوە پێشکەش کرا؛ دواتر پەیامی هاوبەشی یەکیەتییەکانی لاوان، ژنان و خوێندکارانی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەلایەن سکرتێری گشتی یەکیەتی لاوان، بەڕێز عومەر فەخرەدینفەڕ خوێندرایەوە.

چەند پارچەشێعری شۆڕشگێڕانەی شاعێری پێشمەرگە "مامۆستا بێبەش" ڕازێنەرەوەی بڕگەیەکی دیکەی ڕێوڕەسمەکە بوو؛ لە بڕگەی دواتردا پەیامی پڕ لە هەست و حەماسەی تێکۆشەری دێرینی گەل مامۆستا مەلاحەسەن شیوەسەڵی کە تایبەت بۆ ئەم ڕێوڕەسمە نێردرابوو، بە دەنگی خۆیان بۆ ئامادەبووان بڵاو کرایەوە.

پاشان پەخشانێک لە هۆنینەوەی مامۆستا شەریف فەلاح لەلایەن خاتوو میهرەبان دێهقان خوێندرایەوە.

بڕگەی دواتری ڕێوڕەسمەکە بریتی بوو لە سروودێکی شۆڕشگێڕانە بەناوی "کوردستان" کە لەلایەن هونەرمەندی پێشمەرگە "نیزام سەجادییەوە" پێشکەش کرا.

دوابڕگەی ئەم مەراسمەش بریتی بوو لە شایی و هەڵپەڕکێ و گۆڤەندی بەشداربووانی ڕێوڕەسمەکە.