کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێوڕەسمی ٢ی ڕێبەندان لە چیاکانی کوردستان بەڕێوە چوو

16:00 - 6 رێبەندان 2720

هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە چیاکانی کوردستان بەبۆنەی ٧٥مین ساڵڕۆژی دامەزراندنی کۆماری کوردستان ڕێوڕەسمێکی بەڕێوە برد.

ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٤ی ڕێبەندان بە بەشداریی ژمارەیەک لە ئەندامانی ڕێبەرایەتی، فەرماندەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان، کادر و پێشمەرگەکانی هیزی پێشمەرگەی کوردستان لە چیا سەرکەشەکانی کوردستان ڕێوڕەسمێکی تایبەت بە ٢ی ڕێبەندان بەڕێوە چوو.

سەرەتای ئەم ڕێوڕەسمە بە سروودی نەتەوەیی "ئەی ڕەقیب" و خۆلەکێک بێدەنگی بۆ گیانی پاکی شەهیدانی کورد و کوردستان دەستی پێکرد.

پاشان "لوقمان مێهفەر" ئەندامی هەیئەتی ئیجرایی ناوەندی سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران چەند وتەیەکی بەم بۆنەوە پێشکەشی بەشداربووان کرد.

ناوبراو لە قسەکانیدا باسی لەوە کرد: "کۆماری کوردستان میراتێکی گەورە بۆ نەتەوەی کورد بوو و یەکەمین کۆماری دێموکراتیک لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بوو و ئێستا هەر چوار بەشی کوردستان شانازیی بەم کۆمارە دەکەن".

دواتر کۆڕی هونەریی هێزی پێشمەرگەی کوردستان چەند سروودێکی بەبۆنەی ئەو ڕۆژە مێژووییە پێشکەش بەشداربووان کرد.

ئەم مەڕاسمە بە شایی و هەڵپەڕکی کۆتایی پێهات.