کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێوڕەسمی ٢٤ی ڕەشەمە لە جێژنیکان بەڕێوە چوو

11:24 - 26 رەشەمه 2720

بەبۆنەی ٢٤ی ڕەشەمە ساڵڕۆژی دامەزراندنی ڕێکخراوەی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە کەمپی جێژنیکان ڕێوڕەسمێکی بەشکۆ بەڕێوە چوو.

سەرەتای ئەو ڕێوڕەسمە بە سروودی نەتەوەیی "ئەی ڕەقیب" لەلایەن گرووپی سروود دەستی پێکرد. پاشان خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کورد و کوردستان ڕاگەیەندرا.

لە بڕگەی یەکەمی ئەو ڕێوڕەسمەدا بۆ ناساندن و وەبیرهێنانەوەی کەلەپووری کوردی، لەلایەن ژنە دەستڕەنگینەکانی کەمپی جێژنیکانەوە خواردن و چێشتی ڕەسەنی کوردەواری ئامادە کرابوو.

پاشان لەلایەن "شنە دروودگەر" سکرتێری یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران پەیامی ئەو یەکیەتییە بەبۆنەی ٢٤ی ڕەشەمە خوێندرایەوە.

دواتر سروودێک لە ژێر ناوی "خەباتی ژنان" لەلایەن گرووپی سروودەوە پێشکەش کرا.

لە درێژەی ڕێوڕەسمەکەدا "کەریم پەرویزی" ئەندامی دەستەی کارگێڕیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەبۆنەی ٢٤ی ڕەشەمە چەند وتەیەکی پێشکەشی بەشداربووان کرد.

لە بەشێکی دیکەی بەرنامەکەدا "زەکیە سدقی" پەخشانێکی لەژێر ناوی "ژنانی نێو شۆڕش" و خاتوو "گرینگ پیرۆتی" بابەتێکی لەژێر ناوی "سڵاو لە ژنە کورد" پێشکەش کرد.

هەروەها "مێهرەبان دێهقان" بە گۆرانیی "ئەز کچم کچا کوردانم" و "هیوا باتووتە" بە گۆرانییەک لەژێر ناوی "دایە"، ڕێوڕەسمەکەیان زیاتر ڕازاندەوە.

لەو ڕێوڕەسمەدا بۆ ڕێزگرتن لە ٣٢ ژنی شۆڕشگێڕ کە بە درێژایی ٢٠ ساڵ لەنێو ڕیزەکانی خەباتدان، لەلایەن کۆمیتەی ژنانی جێژنیکانەوە جامانە و گووڵیان پێشکەش کرا. ئەو دیارییە لەلایەن "مروارید مەولوودی، لەیلا ڕەبانی، مەهناز چگین و ئامین ئازەرمێهر" پێشکەشی ئەو ژنانە کرا.

ڕێوڕەسمەکە بە شایی بەشداربووان کۆتایی پێهات.