کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێوڕەسمێک بۆ شەهیدانی ژینگەپارێز لە گوندی نێ بەڕێوە چوو

19:20 - 8 خەرمانان 2718

کوردستان میدیا: خەڵکی تێکۆشەر و نیشتمانپەروەری گوندی "نێ"ـی مەریوان بۆ ڕێزگرتن لە یاد و ناوی شەهیدانی ژینگەپارێز ڕێوڕەسمێكیان بەڕێوه برد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی ٨ی خەرمانانی ١٣٩٧ی هەتاوی، خەڵکی گوندی "نێ" سەر بە شاری مەریوان بۆ بەرزڕاگرتنی یادی چوار شەهیدی ژینگەپارێزی مەریوان، ڕێوڕەسمێکی تایبەتیان بەڕێوە برد.

هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا لەو بارەیەوە ڕایگەیاند، خەڵکی گوندی نێ لە ڕێوڕەسمەدا بە دروشمگەلی وەک: "باشترین پاداش بۆ شەهیدان درێژەپێدانی ڕێگایانە، شەهید باڵای بەقەد باڵای کوردستانە، هەموومان ڕێبواری ڕێگای عیشق و ئازادین" و دروشمی دیکە ڕێزیان لە شەهیدانی ژینگەپارێزی مەریوان گرت.

ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٣ی خەرمانانی ١٣٩٧ی هەتاوی، ٤ چالاکی ژینگەپارێزیی خەڵکی شاری مەریوان به ناوەکانی "شەریف باجوەر، ئومید کۆنەپۆشی، ڕەحمەت حەکیمی نیا و محەممەد پەژووهی" لە کاتی کوژاندنەوەی ئاگری دارستانەکانی مەریواندا گیانیان لە دەست دا.

لە دوای شەهیدبوونی ئەو چوار ژینگەپارێزەی کوردستانی ڕۆژهەڵات، لە زۆربەی شارەکانی کوردستان ڕێوڕەسمی تایبەت بۆ ڕێزگرتن لەو شەهیدانە بەڕێوە چوو.

هاوکات چالاکانی مەدەنی، ڕێکخراوە مەدەنی و ژینگەپارێزییەکان، چالاکانی سیاسی، ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکرات و چین و توێژە جیاوازەکانی کوردستان، پەیامی هاوخەمیان بڵاو کردەوە و لە سەر کار و چالاکییەکانیان پێداگریان کردەوە.