کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێوڕەسمێک بۆ هونەرمەند "عەلی کەردار" لە بۆکان بەڕێوە چوو

10:43 - 12 رەزبەر 2721

ڕێکەوتی ١١ی ڕەزبەر لە گوندی "باغچە" لە ناوچەی "مێرقاز" مەڕاسمێک لە دوو بەشدا بۆ ڕێزگرتن لە هونەرمەند و بەیت بێژی ناوداری کورد مامۆستا "عەلی کەردار" بە بەشداریی کۆمەڵێک شاعیر، نووسەر، وەرزشکار، کەسایەتیی فەرهەنگی، خەڵکی گوندی "باغچە" بە تایبەت ژنان و لاوانی ئۆگری ئەدەب و فولکۆری کوردی بەڕێوە چوو.

سەرەتای ڕێوڕەسمەکە لە کاتژمێر ٧ی بەیانی بە چوون بۆ شاخی "مێرقاز" و سەردانی گلکۆی مامۆستا "عەلی کەردار" لە گۆڕستانی "مەلا بەدینـ"ـی گوندی باغچە دەستی پێکرد. لەو بەشەدا وەرزشکارانی ژن و پیاو و بە تایبەت گرووپی شاخەوانانی ژنانی بۆکان بەشدار بوون.

بەشی دووهەمی مەڕاسمەکە لە باخێکی گوندی "باغچە" بە شمشاڵ، بەیت و حەیران دەستی پێکرد. ئەو مەڕاسمە بە خوێندنەوەی شێعر و پەخشانی شاعیرانی بۆکان، سەقز و مەهاباد درێژەی کێشا.

دواتر ژیان و بەسەرهاتی مامۆستا "عەلی کەردار" لەلایەن دوکتور "مێهری پاکزاد" پێشکەشی میوانان کرا.

دواتر "عەلی فروتەن" "گەلۆ"ی وت و "هەمزە شەریفی" نایەی بۆ لێدا. مامۆستا "ئەمین گەردیگلانی" شێعری خوێندەوە. دکتور "ئەبوبەکر گوڵبەخش" برازای مامۆستا "عەلی کەردار" قسەی کرد.

حاجی "ڕەحیم مینایی" و "شوانە" شێعریان پێشکەش کرد خوێندەوە.

لە کۆتاییدا پێشکەشکاری بەرنامەکە "ئیسماعیل" ناسراو بە "هاوڕێ بۆکانی" سپاسی هەموو بەشداربووانی ئەو مەڕاسمەی کرد.

چەند کەس لە کاربەدەستانی ئیدارەی ئیرشاد و فرمانداریی رێژیم ویستبوویان بەرنامەکانی ئەو مەڕاسمە بە ناوی خۆیان تەواو بکەن بەڵام لەلایەن بەشداربووان ئیزنیان پێ نەدرا و ناچار کران شوێنی مەڕاسمەکە بەجێ بهێڵن.