کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێوڕەسمێکی تایبەت بۆ گەڕانەوەی "حاجی لەق ‌لەقـ"ـەکان لە مەریوان بەڕێوە چوو

17:42 - 30 رێبەندان 2721

دوانیوەڕۆی ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٣٠ی ڕێبەندان دانیشتووانی گوندی "دەرەتفێـ"ـی سەر بە شاری مەریوان بۆ پێشوازیکردن لە گەڕانەوەی حاجی لەق ‌لەقەکان بۆ گۆلی زرێبار ڕێوڕەسمێکیان بەڕێوە برد.

ئەو ڕێوڕەسمە بۆ یەکەمین جار لە گوندی "دەرەتفێ" ناسراو بە گوندی حاجی لەق لەقەکان لەسەر بانگهێشتی پێشووی خەڵک بەڕێوە چووە و بەشێکی زۆر لە هاووڵاتییان لە شار و گوندەکانی مەریوان لەو ڕێوڕەسمەدا بەشدارییان کردووە.

دانیشووانی گوند بە شایی و هەڵپەڕکێ پێشوازییان لە گەڕانەوەی ئەو باڵندە کۆچەرییانە کردووە.

حاجی لەق ‌لەقەکان لە سەرەتای مانگی گەلاوێژ بەرە و "گەرمێن"  کۆچ دەکەن و لە سەرەتای مانگی ڕەشەمەوە بەرەو ناوچە "کوێستانـ"ـییەکان دەگەڕێنەوە.

لە دێرزەمانەوە کاتێک کە حاجی لەق لەقەکان کۆچیان دەکرد لەنێو کوردەواریدا وەک نیشانەی دەستپێکی مانگی گەلاوێژ بووە و دەبا خەلەوخەرمان بەرەبەرە کۆ کرابانەوە. هەروەها بە گەڕانەوەیان لە مانگی ڕشەمەدا موژدەی تەواوبوونی وەرزی سەرما و هاتنی بەهاریان دەهێنا.

کاتی گەڕانەوەی حاجی لەق لەقەکان منداڵان دەچوونە سەربان و هێڵکە و ڕۆنیان دروست دەکرد و کەمێکیان لە هێڵکە و ڕۆنەکە بۆ حاجی لەق لەقەکە لە شوێنێک ڕۆ دەکرد کە ئەو ڕێوڕەسمەی تایبەت بە منداڵان "شێوە حاجیلە"ی ناو نراوە.

لە ڕۆژی "شێوە حاجیلە"دا هەر حاجی لەق لەقێک بە ئاسماندا فڕی با دەبووە هۆی شادیی منداڵان.

لە کوردەواریدا داب و نەریتی تایبەت بە خەڵکی کوردستان هەیە کە ئەم داب و نەریتانە گرێ دراون بە ژیان و هەڵسوکەوتی کوردەواری  کەبەشێک لەو ڕێوڕەسمانە بریتین لە: "شەوی چلە، کاتی خەلەوخەرمان، دروێنە، بێڵندانا" و هتد.