کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێپێوانی "١٣ی ئابان"، ڕێژیمی دڵسارد کردەوە

10:20 - 14 خەزەڵوەر 2719

کوردستان میدیا: ١٣ی خەزەڵوەری ئەمساڵ لە کەشوهەوایەکی دڵساردکەرەوەدا بۆ ڕێژیم بەڕێوەچوو. قوتابییان و کارمەندانی دەوڵەتی بە زۆرەملێ ڕاکێشی ڕێپێوانەکە کران و لە ماوەیەکی کورتدا ڕێپێوانەکەیان بەجێ هێشت.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕۆژی دووشەممە، ١٣ی خەزەڵوەری ٩٨ی هەتاوی، ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بە مەبەستی چەواشەکاری لە پشتیوانیکردنی خەڵک بەرانبەر بە ئەو ڕێژیمە، خەڵکی شارەکانی کوردستانی بە زۆرەملێ هێنایە سەر شەقام تاکوو لە ڕێپێوانی "١٣ی ئابانـ"ـدا بەشداری بکەن.

هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا، لەمبارەوە ڕایگەیاندووە کە ڕێژیمی ئێران لە شاری سەقز، قوتابییان و کارمەندانی بە زۆر هێنابوونە مەیدانی "هەڵۆ"ی ئەم شارەوە تاکوو لەو ڕێپێوانەدا بەشداری بکەن، بەڵام پاش ٥ خولەک زۆربەی قوتابییان و کارمەندەکانیش شوێنە دیاریکراوەکانیان بەجێ هێشتووە و تەنیا کۆمەڵێک جاش و پاسدار و منداڵەکانی ئەوان کە جلوبەرگی مەدەنیشیان لەبەردا بووە، لە ڕێپێوانەکەدا ماونەتەوە.

هەر لەم پێوەندییەشدا، هەواڵنێری "کوردستان میدیا" لە شاری سنە ڕایگەیاند کە ڕپێوانی ئەمساڵی "١٣ی ئابان" جیاواز لە ساڵانی ڕابردوو بووە و ڕێژیمی ئێران کە ساڵانی ڕابردوو قوتابییە بەسیجییەکانی بۆ ئەم ڕێپێوانە بردووە، ئەمساڵ ئەو کارەشی نەکردووە و ڕێپێوانەکە لە سنە لە چاو ساڵانی ڕابردوو، زۆر زۆر لاواز بووە کە ئەمە بۆ دڵساردیی خەڵک لە ڕێژیم و بەڵێنە درۆییەکانی دەسەڵاتدارانی ڕێژیم دەگەڕێتەوە.

هەموو ساڵێک لە ڕۆژی ١٣ی خەزەڵوەردا، ڕێژیمی ئێران بە هێنانی زۆرەملێی خەڵک و بە تایبەت قوتابییان بۆ سەر شەقامەکان و گرتنی وێنە و ڤیدیۆ لەو ڕێپێوانە هەوڵ دەدات ڕەوایی بە دەسەڵاتە سەرەڕۆکەی خۆی بدات کە ئەمساڵ نەیتوانی سەرکەوتوو بێت.