کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیم ئاماری ساختە لە بواری ئابوورییەوە بڵاو دەکاتەوە

18:50 - 24 خاکەلێوه 2720

کارناسێکی ئابووری لە کاردانەوە بەرانبەر بە قسەکانی جێگری وەزیری ئابووری و سەرۆکی ڕێکخراوی سەرمایەدانانی دەرەکی ڕوو لە جێگری یەکەمی سەرکۆماری ڕێژیمی ئێران وتوویەتی، بەپێی ئامارگەلی ساختە بڕیار لەسەر وڵات مەدەن.

ڕۆژی شەممە ٢٤ی خاکەلێوە، "محەممەد مووسەوی"، جێگری وەزیری ئابووری و سەرۆکی ڕێکخراوی سەرمایەدانانی دەرەکیی ڕێژیمی ئێران، لەگەڵ جێگری یەکەمی سەرکۆمار لە وەزارەتخانەی ئابووریدا چاوپێکەوتنێکی پێک هێنا.

"مووسەوی"، لەو دانیشتنەدا وتوویەتی، لە سالی ٩٧دا لە ئەنجامی ١٧٥ پرۆژە، ٥ میلیارد دۆلار سەرمایەدانانی دەرەکیمان ڕاکێشاوە و ساڵی ٩٨یش بڕی ٤ و نیو میلیارد دۆلار.

ئەو کارناسە ئابوورییە بە داهێنانی پرسیار ئەو ئامارانەی "مووسەویـ"ـی بردووەتە ژێر پرسیار و وتوویەتی، لە حاڵێکدا کە هیچ جووڵەیەکی ئابووریمان نەبووە، ١٠ میلیارد دۆلار چۆن و لە کوێ و لە چ ڕێگایەکەوە هاتووەتە نێو ئابووریی وڵاتەوە.

ناوبراو هەروەها داوای لە "ئێسحاق جەهانگیری"، جێگری یەکەمی سەرکۆماری ڕێژیمی ئێران کردووە کە ئامارە ڕاستەقینەکان لەو بوارەدا بڵاو بکاتەوە.

ئەو ئابووریناسە هەروەها داوای لە "جەهانگیری" کردووە کە  ئیزن بە ڕێکخراو و بەڕێوەبەرە ئابوورییەکان نەدات کە بە بڵاوکردنەوەی ئاماری ساختە خەڵک فریو بدەن.