کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیم ئاماری هەڵە سەبارەت بە کۆرۆنا لە کوردستان بڵاو دەکاتەوە

16:57 - 21 خاکەلێوه 2720

ڕێژیم لە کوردستاندا ئامارەکانی کۆرۆنا چەواشە دەکات و پاش دەرکەوتنی چەواشەکارییەکانی پاساو بۆ کردارە نابەرپرسانەکانی دێنێتەوە.

زانکۆی زانستی پزیشکیی کوردستان، سەبارەت بە ئاماری تووشبووان بە کۆرۆنا لە پارێزگای سنە ئاماری درۆی بڵاو کردووەتەوە، لە حاڵێکدا کە بەراوردکردنی ئامارەکانی ٢ ڕۆژی لە دوای یەک دەریخستووە ڕێژیم چەواشە دەکات.

کۆی گشتیی ئامارەکانی تووشبووان بە کۆرۆنا، ڕۆژی سێشەممە ١٩ی خاکەلێوە، ٦٥٩ کەس بووە و کۆی گشتیی ئامارەکانی تووشبووان لە ڕۆژی چوارشەممە ٢٠ی خاکەلێوە، ٦٨٢ کەس بووە کە جیاوازیی ئەو دوو ئامارە ٢٣ کەسە.

هاوکات کاتێک ئامارەکانی تووشبووانی ئەو پارێزگایە شار بە شار هەڵسەنگێندرێت، کۆی گشتی دەبێتە ٦٨٥ کەس کە جیاوازییەکەی دەبێتە ٢٦ کەس.

ڕێژیم لە شارەکانی کوردستان بە بڵاوکردنەوەی ئاماری هەڵە، هەوڵ دەدات ڕاستیی ڕووداوەکان بشارێتەوە و قەیرانەکە لاواز نیشان بدات، لە حالێکدا شار و پارێزگاکانی کوردستان لەگەڵ قەیرانێکی جیددی لەو بوارەدا بەرەوڕوون.