کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیم ئامارەکانی تایبەت بە ڕەخساندنی هەلی کار لە گوندەکان بڵاو ناکاتەوە

18:36 - 27 بانەمەڕ 2720

ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە دوای ئەوەیکە بڕیاری بە چەند ناوەندی وەک بانکی ناوەندی، ڕێکخراوی تۆمارکردنی باری کەسێەتی و بنکەکانی تەندروستی داوە کە نابێ ئامار بڵاو بکەنەوە، ئەمجارە ڕێژیم ئامارەکانی تایبەت بە ڕەخساندنی هەلی کار لە گوندەکان بڵاو ناکاتەوە و ئەو ئامارانەی لە ماڵپەڕی وەزارەتی تەعاون و کار و خۆشبژێویی کۆمەڵایەتی سڕییەوە.

ساڵی ٩٦ی هەتاوی یاسای ڕەخساندنی هەلی کار بۆ گوندەکان پەسند کرا و ١.٥ میلیارد دۆلار لە سندووقی نیشتمانیی بۆ ئەو یاسایە تەرخان کرد.

ماڵپەڕی وەزارەتی تەعاون و کار و خۆشبژێویی کۆمەڵایەتی، ئامارەکانی تایبەت بە دابینکردنی کاری لە گوندەکان بڵاو دەکردەوە.

ئامارەکانی ئەو ماڵپەرە دەرخەی ئەوە بوو کە ئەو وامانەی بۆ ڕەخساندنی هەلی کار بۆ گوندنشینەکان دابین کرابوو لەگەڵ ڕاستییەکان مەودایەکی زۆری هەبووە.

دوای بڵاوکردنەوەی ئەو ئامارانە لەلایەن ماڵپەڕی "نەوەدی ئیقتسادی" (نود اقتصادی) بڕیار درا کە ئەو ئامارانە بەگشتی بسڕدرێتەوە.

کاربەدستانی ڕێژیم باسیان لەوە کردووە، ڕەخساندنی هەلی کار بە دانی وام بە خەڵکی گوندەکان گەڵاڵەیەکی زۆر سەرکەوتوو بووە، بەڵام ڕاستییەکان دەرخەری ئەوەیە بەشێکی زۆر لە دانیشتووانی گوندەکان هەر وامیان پێ نەدراوە.

هەواڵدەریی "ئیلنا" لەمبارەوە بڵاوی کردووەتەوە، ئەگەرچی باس لەوە کراوە کە گەڵاڵەی ڕەخساندنی هەلی کار بۆ گوندنشینەکان سەرکەوتوو بووە، بەڵام ئامارەکان باس لە شتێکی دیکە دەکەن کە لەگەڵ قسەی بەرپرسانی دەوڵەت جیاوازیی زۆری هەیە.

ساڵی ڕابردوو، ٥٠٠ ملیۆن دۆلار لە سندووقی گەشەی نیشتمانی بۆ ڕەخساندنی هەلی کار لە گوندەکان تەرخان کراوە کە هەتا ئێستاش ئەو پارەیە بە گوندنشینەکان نەدراوە.