کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیم بازاڕگەرمیی بۆ هەڵبژاردنەکان دەکات

12:08 - 27 بانەمەڕ 2721

ڕێژیمی ئێران بۆ قەرەباڵغکردنی سەفەکانی هەڵبژاردن بە ڕێژەیەکی زۆر بەربژێرەکانی لە شارەکانی کوردستان زیاد کردووە.

بەپێی زانیاری گەیشتوو بە ماڵپەڕی "کوردستان میدیا" لە شارەکانی شنۆ و پیرانشار ڕێژیم لە خولی یەکەم تەواوی ئەو کەسانەی کە خۆیان بەربژێر کردبوو ڕەت کردووەتەوە و خۆیان زیاتر لە ٥٠ کەسیان دەستنیشان کردووە.

ئەو بەربژێرانە بۆ هەڵخەڵەتاندنی خەڵک لەنێو خەڵکدا بانگەشە دەکەن کە ئێمە کارمان بە سیاسەت نییە و تەنیا ئامانجمان خزمەتگوزاری بە خەڵکی شار و گوندەکانمانە.

قسەکانی ئەو بەربژێرە دەست نیشانکراوانە لە حاڵێکدایە کە شۆراکان و نوێنەرانی مەجلیسی ڕێژیم لە کوردستان و ئێران نەتەنیا لە بواری سیاسەت بەڵکوو لە بوارەکانی دیکەی کۆمەڵایەتی و خزمەتگوزاریش هیچ ڕۆڵێکیان نییە.

لە لایەکی دیکەوە ڕێژیم بۆ بەرچاوپیشاندانی شانۆی هەڵبژاردنەکان، نێو شارەکانی بە چەندین بازنە دابەش کردووە و هەر بەربژێرێکیش لە یەک بازنەدا هەڵبژاردراوە بۆ ئەوەیکە بتوانێت خەڵک بە گشتی لە هەڵبژاردنەکاندا بەشدار بکات.

بەربژێرەکانی شورای شار و گوندەکان و بەناو نوێنەرانی مەجلیس هیچ دەسەڵاتێکیان نییە و تەنیا مۆرەی ڕێژیمن لە شار و گوندەکاندا.