کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیم به زۆرەملێ خەڵک ناچار دەکات کە پڕوپاگەندە بۆ هەڵبژاردنەکان بکەن

11:23 - 18 رێبەندان 2719

ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بە زۆرەملێ گوشار بۆ سەر کەناڵە تێلێگرامییەکان دێنێت کە پڕوپاگەندە بۆ هەڵبژاردنەکان بکەن.

داواکاریی ڕێژیمی ئێران بۆ پڕوپاگەندە بۆ هەڵبژاردنەکان لە کەناڵە تێلێگرامییەکان، لەلایەن هەندێک لە بەڕێوەبەرانی کەناڵەکانەوە ڕەت کراوەتەوە.

دوای ڕەتکردنەوەی ئەو داواکارییە، هەڕەشە لە بەڕێوەبەرانی کەناڵە تێلێگرامییەکان کراوە.

پۆلیسی "فەتا"ی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بەدواداچوونی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەکات و هەر کەسێک دژی هەڵبژاردنەکان قسە بکات، بانگهێشت و لێپێچینەوەی لەگەڵ دەکەن.

ڕێژیم هەڕەشە لە خەڵک دەکات کە نابێ بە هیچ شێوەیەک دژی هەڵبژاردنەکان قسە بکەن، بەڵام لە هەمان کاتدا بە زۆرملێ داوا لە خەڵک دەکەن کە پڕوپاگەندە بۆ هەڵبژاردنەکان بکەن.

 لە کوردستان داوا لە کەناڵە تێلێگرامییەکان کراوە کە دەبێ بۆ ڕاکێشانی خەڵک بۆ سەر سندووقەکانی دەنگدان، وتار و بابەتی تایبەت بڵاو بکەنەوە.

شانۆی هەڵبژاردنەکانی مەجلیسی یازدەهەمی ڕێژیمی ئێران، ڕێکەوتی ٢ی ڕەشەمە بەڕێوە دەچێت و زۆربەی حیزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستانی و ئێرانییەکان ئەو هەڵبژاردنانەیان بایکۆت کردووە.