کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیم بۆ قەرەبووکردنەوەی کەمیی بوودجە یەکەکانی بورسی دەستکاری کرد

12:49 - 16 خەرمانان 2720

ئەندامێکی ئەنجومەنی ژمێریارییەکان ڕێژیم ڕایگەیاندووە، دەسەڵات بۆ قەرەبووکردنەوەی کەمیی بوودجەی خۆی بە ئاشکرا یەکەکانی بوورسی دەستکاری کردووە و بیروڕای خەڵکی ئەندازیاری کردووە.

"غوڵامحوسێن دەوانی" ئەندامی ئەنجومەنی ژمێریارییەکانوتوویەتی هەم لایەنگرانی بازاڕی ئازاد و هەم ڕەخنەگرانی بازاڕی ئازاد پێکەوە ڕایانگەیاندبوو کە یەکەکانی بوورس بەپێی واقعییەتی ئابووریی وڵات نییە و ئەو یەکەگەلەی بوورس نیشانەی "مامەڵەگەلێکی کاغەزیـ"ـیە کە هیچ پەیوەندییەکی لەگەڵ بەرهەمهێنان و کارەوە نییە.

ناوبراو هەروەها ڕایگەیاندووە، لەلایەکی دیکەوە بەناو ئابووریناسانی لایەنگری دەسەڵات بە دروشمگەلی درۆیین و بەڕێخستنی کارناواڵی خۆشی بانگەشەی ئەوەیان دەکرد کە نرخی سوودی بوورسی ئێران لە بوورسە جیهانییەکاندا دووهەمە.

"دەوانی" لە بەشێکی قسەکانیدا وتوویەتی: "ئێستاکە دەرکەوتووە کە کەسانێکی حقووقی لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا زیاتر کە ٨٧ هەزار میلیارد تمەن پشکیان فرۆشتووە کە دەبێ بەشی بەرچاوی هەر ئەو کەسانەی درەنگ هاتوونەتە ناو بورس  و دیانهەوێ زوو بڕۆن بیکڕنەوە".

ئەو ئابووریناسە هەروەها باسی لەوە کردووە دەسەڵات بۆ کەمیی بوودجەی ئاشکرا و نهێنیی بوودجەی ساڵی ٩٩ی خۆی، هیچ ڕێگایەکی بێجگە لە فرۆشتنی ماڵ و دارییەکانی نەبوو و بە فەرمی و ئاشکرا لە پڕۆسەی بردنەسەرەوەی یەکەکان و ئەندازیاریی بیروڕای خەڵکدا ڕۆڵیکی ڕاستەوخۆی گێڕاوە.

ڕێژیم ئەو کارەی بە شێوازێک ئەنجام داوە کە شیرکەتێکی زیانبەخشی ٣٠ میلیاردی بە نرخی ٣٠٠ میلیارد فرۆشتووەتەوە و یان ئەوەیکە پشکی شیرکەتێکی بورسی کە کۆبوونەوەی هەڵوەشاندنەوەشی بەڕێوە چووە بە نرخێکی سەرسووڕهێنەرەوە خستوویانەتە نێو ئاڵووێری بازرگانییەوە.