کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیم بۆ نەورۆز کارتی لە هونەرمەندانی کورد وەرگرتەوە

12:51 - 22 رەشەمه 2718

کوردستان میدیا: ئەماکنی ڕێژیمی ئێران، لە شاری کامیاران، هەتا کۆتاییی نەورۆز، دەستی بەسەر کارتی هونەرمەندانی گۆرانیبێژی ئەو شارەدا گرتووە.

 ئیدارەی ئەماکنی ڕێژیم لە شاری کامیاران، لە ڕێگای پێوەندیی تەلەفۆنییەوە لەگەڵ هونەرمەندانی ئەو شارە، داوای لێ کردوون کە کارتی هونەرمەندیی خۆیان ڕادەستی ئەو ناوەندە حکوومەتییە بکەن.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم هەوڵەی ئیدارەی ئەماکنی شاری کامیاران، بۆ پێشگرتن بە بەشداریکردنی هونەرمەندانی ئەو شارە، لە ڕێوڕەسمی نەورۆزدایە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها دەڵێت: "ئیدارەی ئەماکنی شاری کامیاران بە هونەرمەندانی ڕاگەیاندووە، کە کارەتەکەی خۆیان هەتا کۆتاییی ڕێوڕەسمی نەورۆز ڕادەستی ئەو ناوەندە حکوومەتییە بکەن و لەم ماوەیەدا بۆیان نییە بەشداریی لە ڕێوڕەسمی نەورۆز بکەن."

ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی دووپات کردەوە، ئیدارەی ئەماکن بە هونەرمەندانی کامیارانی ڕاگەیاندووە، لە ئەگەری بەشداریکردن لە ڕێوڕەسمی نەورۆز، بەپێی لەگەڵ یاسا لەگەڵ ئەوان هەڵسوکەوت دەکەین.

لەو پەیوەندییەدا، شۆرای گوندی "پاڵنگان" لەژێر گوشاری ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری کامیاران بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوێک، ڕێوڕەسمی جێژنی نەورۆزی پاڵنگانیان هەڵوەشاندەوە.

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران، بە بۆنەی هاتنی سەری ساڵ و نەورۆز لە کوردستاندا کەمپەینێکی لەژێر ناوی "نەورۆز، سەمای ئازادی" وەڕێ خستووە، کە ناوەندە ئیتلاعاتییەکان، لە دژکردەوە بەو کەمپەینە، خەریکی دروستکردنی ترس و دڵەڕاوکێ لە نێو خەڵکدان، دەستیان به دەسبەسەرکردنی چالاکانی کورد کردووە.