کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیم بۆ پڕکردنی گیرفانی خۆی خاکی قوتابخانەکان دەکاتە دووکان

11:27 - 28 خەزەڵوەر 2720

وەزارەتی پەروەردە و بارهێنانی ڕێژیم لە شارەکانی کوردستان خاکی قوتابخانەکان دەکات بە دووکان و بەکرێیان دەدات و پارەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ ناوەندی پارێزگاکان.

یەکیەتیی پیشەیی مامۆستایانی کوردستانی ئێران لە ڕاپۆرتێکدا ڕایانگەیاندووە کە ڕێژیم بۆ قەرەبووکردنەوەی کەمیی بودجەی خۆی پەنای بردووەتە بەر فرۆشتنی قوتابخانەکان.

یەکیەتیی پیشەیی مامۆستایانی کوردستانی ئێران لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردووەتەوە: "لە ١٨ پارێزگای ئێران، بڕی ٩٩٣ هەزار مەتری چوارگۆشە لە زەوینی قوتابخانەکان، دەبێ کاربەرییان لە پەروەردەوە بۆ بازرگانی بگۆڕدرێت و ئامانج لەو کارەش کەڵکوەرگرتن لە حەوشە و زەوینی قوتابخانەکانە، بەتایبەت ئەوانەی هەڵکەوتەیان لە ناوەندی شارەکانە، بۆ دروستکردنی دووکان و بەکرێدان یان فرۆشتنیان".

بەپێی ئەو ڕاپۆرتە دوو قوتابخانەی بۆکان لەلایەن ئیدارەی پەروەردە و بارهێنانی ئەو شارەوە بەشێکیان کراوەتە دووکان.

یەک لەو قوتابخانانە قوتابخانەی کچانەی "فاتیمەی زارا"یە کە بەرانبەر فەرمانداریی ئەو شارەیە و ٤ دووکانیان لێ ساز کردووە و بەکرێیان داوە.

هەروەها یەکی دیکەشیان قوتابخانەی "ئەدەبـ"ـە کە دەکەوێتە بەرانبەر موخابراتی کۆنی ئەو شارەوە و نزیک ١٠ دووکانی لێ ساز کراوە و بەکرێ دراون.

ئەو ڕیزە دووکانانە لە باشترین شوێنی شاری بۆکان هەڵکەوتووە و خاوەندارییەتییەکەی بە ناوی شارەوانییەوە کراوە و کرێی هەر دووکانێک زیاتر لە ٢ ملیۆن و نیوە، واتە ئەو قوتابخانەیە ساڵانە بە تەنیا خۆی زیاتر لە ٣٠٠ ملیۆن داهاتی هەیە و هەموو داهاتەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ ناوەندی پارێزگای ورمێ.

سەرەڕای ئەو هەموو داهاتەی کە لەو دووکانانە بەرهەم دێت ئەو قوتابخانانە لە هەموو پێداویستییەکی وەرزشی و پەروەردەیی بێبەرین.

پێشبینی دەکرێت ڕێژەی قوتابییان لە ئێران هەتا پێنج ساڵی داهاتوو بگاتە ١٧ ملیۆن کەس. لە بەرانبەردا  لەگەڵ گرانبوونی ڕۆژ بە ڕۆژی خاک و زەوی لە ئێران، دروستکردنی قوتابخانەی نوێ لە داهاتوودا دەبێتە کێشەیەکی گەورە.