کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیم بۆ چاوترسێنکردنی خەڵکی کوردستان مانوڕێک بەڕیوە دەبات

11:32 - 10 خەزەڵوەر 2719

کوردستان میدیا: سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران کە ترسێکی زۆری لە ڕاپەڕینی جەماوەری لێ نیشتووە، لە چەندین شاری پارێزگای ورمێدا چەند مانۆڕی جۆراجۆری بە بەشداریی ئەندامانی سپاە و جاش و بەسیجەکانەوە بەڕێوە بردووە.

ڕۆژی پێنجشەممە، ٩ی خەزەڵوەر، سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران لە شارەکانی ورمێ، سەڵماس، شنۆ، نەغەدە و مەهاباد، مانۆڕێکی لەژێر ناوی ''بەرەو بەیتولموقەدەس'' بەڕێوە بردووە کە ئەم مانۆڕانە زیاتر ترسی ڕێژیمی ئێرانی زەق کردووەتەوە.

پاسدار "کەریم عەلی نژاد"، فەرماندەی مقاومەتی بەسیجی سپای پاسدرانی ورمێ، بە هەواڵدەریی تەسنیمی وتووە: "ئەم مانۆڕە بە مەبەستی بەرزکردنەوەی ئاستی ئامادەیی و نەمایشی ئاستی هێزی گوردانەکانی بەیتولموقەدەسە و کەوثەر ئەنجام دراوە".

ناوبراو باسی لەوە کردووە کە لەم مانۆڕەدا، کۆنترۆڵی دەروازەی شار و دانای خاڵی پشکنین و پاراستنی ئیدارە گرینگەکان و... کاری لەسەر کراوە.

هەر لەم پەیوەندییەدا، لە شاری سەڵماس، مانۆڕێک بەڕێوەچووە کە تێیدا چوار گوردانی بەسیج بەشداریی تێدا هەبووە.

هەروەها سپای پاسدارانی ڕێژیم لە شاری شنۆ لە شوێنەکانی وەک فەلەکەی گێلاس، پێش دەرگای شۆرای ڕووحانییەت، چوار ڕێیانی سەید ئاوا و... دەستی بە سەنگەرسازی کردووە و منداڵە بەسیجەکانی لەم سەنگەرانەدا جێگیر کردووە.

هەر لە درێژەی ئەم مانۆڕەدا، لە "کانی گراو"ی گوندی ''چەشمە گۆل''، جاش و بەسیجەکان مانۆڕێکیان بەڕێوە بردووە.

سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران زیاتر لەسەر خاڵگەڵیک مانۆڕی بەڕێوە بردووە کە نیشاندەری ئەوەیە ترسێکی زۆری لە ڕاپەڕینی خەڵکی لێ نیشتووە، بۆیە بۆ ئەم مەبەستە لەم مانۆڕەدا زیاتر لەسەر   کۆنترۆڵی دەروازەی شار و دانای خاڵی پشکنین، پاراستنی ئیدارە گرینگەکان و... کار کراوە.