کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیم بۆ ڕاکێشانی خەڵک بۆ سەر سندووقەکانی هەڵبژاردن لە کوردستان گرووپی تایبەتیی لە تێلێگرام پێک‌ هێناوە

11:56 - 3 رێبەندان 2719

ڕێژیم لە شارەکانی کوردستان بۆ بەشداریکردنی زیاتری خەڵک لە هەڵبژاردن، گرووپی تێلێگرامیی تایبەت بە ‌هەڵبژاردنی دروست کردووە.

لەم گرووپانەدا هەر کەسێک بتوانێت هاوکارییان بکات و خەڵک لەو گرووپانەدا بەشدار بکات، لەلایەن ڕێژیمەوە پارەیەکی دیاریکراوی پێ دەدرێت.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم هەوڵەی ڕێژیم مەترسیی ئەمنییەتی دەخاتە سەر ژیانی ئەو کەسانەی کە هاوکارییان دەکەن، چونکە زانیاریی حیسابی بانکی و ژمارە تەلەفۆنیان دەکەوێتە بەر دەستی ڕێژیم و ئەو کەسانە به‌هۆی بەشدارییان لەو گرووپە تێلێگرامییانه، ڕۆژانه بە ئاسانی کۆنترۆڵ دەکرێن.

ئەو سەرچاوەیە وتی، ئەم بڕە پارە دیاریکراوە کە بە ئەو کەسانەی کە هاوکاریی ڕێژیم دەکەن کە خەڵک بەشداری هەڵبژاردن بکەن، لەلایەن بەربژێرەکانی هەڵبژاردنەوە دابین دەکرێت.

ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی خستەڕوو کە بانگەشەیەکی یەکجار زۆر لەلایەن بەکرێگیراوانی ڕێژیمەوە بۆ هەڵبژاردن دەکرێت، بەڵام تا ئێستا هەوڵەکانیان سەرکەوتوو نەبووە.

لە درێژەدا ڕایگەیاند، ڕێژیمی ئێران بە کەڵک وەرگرتن لە هەژاری و بێکاریی خەڵک کە ئاکامی سیاسەتە چەوتەکانی ڕێژیمە، بە پارە دەیهەوێت خەڵک بەشداری هەڵبژاردن بکات و ئەمە بێحورمەتی بە خەڵکە کە وەکوو بەکرێگرتە چاو لە خەڵک دەکات.

دەوترێت کە ڕێژەی بەشداریی خەڵک لە ئێران و کوردستان لە هەڵبژاردن دەگاتە کەمترین ئاستی خۆی لە ماوەی ٤٠ ساڵ تەمەنی پڕ لە نگریسی ڕێژیمی داگیرکەری ئیسلامیی ئێران و ئەمە بە قەیرانێکی گەورە بۆ ڕێژیم دێتە ئەژمار.