کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیم بۆ ئەوەیکە خەڵک بکاتە بەسیج، لە شارەکاندا خۆراک بڵاو دەکاتەوە

13:42 - 26 بانەمەڕ 2720

سپای تێرۆریستی پاسداران لە درێژەی پیلانەکانی خۆی، ئەمجارە لە شاری شنۆ بە وەرگرتنی کارتی میللی و تۆمارکردنی ناوی بنەماڵەکان، کەلوپەل بەسەر خەڵکدا دابەش دەکات و دەیهەوێت خەڵک بکاتە بەسیج.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەبارەی ئەو هەوڵەی بنکە و ناوەندە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمی ئێران باسی لەوە کرد، هێزەکانی پادگانی بەسیجی "محەممەد ڕەسووڵ ئەڵڵا" لە شنۆ کەلوپەلیان بەسەر خەڵکدا دابەش کردووە.

ڕێژیم لە گەڕەکەکانی "کوچەی مەلا ئیبرایم، جانبازان، مام تەمر و ڕەحیم ئاباد"، ئەو کەلوپەلانە بەخۆڕایی هەتا بەردەرکی ماڵەکان دەبات و بە وەرگرتنی کارتی میللی و تۆمارکردنی ناوی ئەو بنەماڵانە ئەو کەلوپەلەیان پێ دەدات.

هاووڵاتییان باس لەوە دەکەن کە ئەم هەوڵەی ڕێژیم، پیلانێکە بۆ ئەوەی کە خەڵک بکاتە بەسیج.

لە ماوەی ڕابردوودا لە شارەکانی کوردستان دوای ئەوەیکە نەخۆشیی کۆرۆنا بڵاو بووەوە، خەڵکی خۆبەخش و دڵسۆز یارمەتییان بۆ بنەماڵە هەژارەکان کۆ دەکردەوە و ڕادەستیان دەکردن.

لە هەندێک لە شارەکانی کوردستان، ڕێژیم یارمەتییەکان کە خەڵک بۆ بنەماڵە هەژارەکان کۆیان کردبووەوە، دەستی بەسەردا گرتبوون و دواتر بەسەر جاش و بەسیجەکاندا دابەشی کرد.

کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێران لە ڕێگای جۆراجۆرەوە هەوڵ دەدەن خەڵک بۆ لای خۆیان ڕابکێشن، بەڵام ڕێژیم لە هەوڵەکانیدا سەر ناکەوێت.