بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەری "کوردستان میدیا"، میراتی کولتووریی ڕێژیم لە پیرانشار بە ڕێککەوتن لەگەڵ میراتی کولتووریی تاران، بە بیانووی دروستکردنی بەنداو، لە ناوچەی پیرانشار خەریکن ئاسەوارە مێژووییەکان بە تاڵان دەبەن.
دوو ئیدارەی میراتی کولتووریی پیرانشار و تاران لە چوار گرووپدا لە سەرەتای مانگی خەزەڵوەری ئەمساڵەوە لە چەند شوێنی ناوچەدا کە دەزانن ئاسەواری مێژوویی لێیە بە بیانووی دروستکردنی بەنداو خەریک بە هەڵکەندنی زەوین و جگە لە بە تاڵانبردنی ئاسەوارە مێژووییەکان، خەسارێکی زۆری ژینگەییشیان بەو شوێنانە گەیاندووە.
ئەو چوار گرووپە لە گوندکانی "زەنگیاوێ، بەرکەمران، گرداشەوان و گردەگۆران" خەریک بە تاڵانبردن و سڕینەوەی مێژووی کوردستانن.
جێگای ئاماژەیە ئەو گرووپە ساڵی ١٣٩٧ لە گوندەکانی "بەرکەمران، گردوشەوان و گردەگۆران" بۆ ماوەیەک خەریک بە دۆزینەوە و بەتاڵانبردنی ئاسەوارە مێژووییەکانی ئەو گوندانە بوون، پاشان بەجێیان هێشتووە. لە ئەمساڵدا دووبارە هاتوونەتەوە ناوچە و خەریکی تێکدانی ژینگە و تاڵانکردنی ئاسەوارە مێژووییەکانن.
ئاسەوارە مێژووییەکانی کوردستان بەشێک لە شوناسی خەڵکی کوردن و ڕێژیم بەردەوام لە هەر پیلانێک بۆ سڕینەوەی شوناس و مێژووی کورد کەڵک وەردەگرێت.