کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیم بە بێ بەڵگە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ حیزبە کوردییەکان دەخاتە پاڵ زارا محەممەدی

13:00 - 29 رێبەندان 2720

لە حاڵێکدا کە زارا محەممەدی و پارێزەرەکانی دۆسییەکەی پشتڕاستی دەکەنەوە کە "زارا محەممەدی" تەنیا بە تۆمەتی فێرکردنی زمانی کوردی دەسبەسەر کراوە و سزا دراوە، ڕێژیم بە زۆری و بە بێ بەڵگەی یاسامەند تۆمەتی ئەندامەتی لەگەڵ حیزبە کوردییەکانی خستووەتە پاڵ ئەو چالاکە زمانەوانییە.

پاش ڕاگەیاندنی ٥ ساڵ سزای بەندکران بە "زارا محەممەدی"، چالاکی مەدەنی و مامۆستای زمانی کوردی، ئەو چالاکە مەدەنییە لە لایڤێکی ئینستاگرامیدا کە لەگەڵ پارێزەرەکانی بەڕێوەی برد، پشتڕاستی کردەوە کە ڕێژیم بە زۆرەملێ و بە بێ هیچ بەڵگەیەکی یاسایی دەیهەوێت کە تۆمەتی ئەندامەتی لە حیزبە کوردییەکان و دروستکردنی دەستە و گرووپ دژ بە تەناهیی ڕێژیم بخاتە پاڵی.

پارێزەرەکانی "زارا محەممەدی" ئەو تۆمەتەیان ڕەت کردەوە و ڕایانگەیاندبوو کە تەنیا تۆمەتی ئەو چالاکە مەدەنییە، فێرکردنی زمانی کوردییە و جگە لەوە هیچ بەڵگەیەکی دیکە لەسەری نییە.

لەم نێوانەدا ڕێژیم بە بڵاوکردنەوەی وێنەیەک لە "زارا محەممەدی" لەکاتی گەیاندنی یارمەتی بە خەڵکی لافاولێدراوی "مەعموولان" کە جامانەیەکی لەسەر کردووە وتوویەتی کە ئەو چالاکە سەر بە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانەو و لە بەرگی چالاکوانی بۆ چالاکییە نهێنییەکانی خۆی کەڵکی وەرگرتووە.

ئەمە لەحاڵێکدایە کە جامانە بەرگێکی ڕەسەنە لەنێو کورددا و بە هەزاران کەس ڕۆژانە بەکاری دێنن و نابێتە بەڵگەیەکی یاسامەند.

ئەو تۆمەتانە کە لە ڕاگەیاندنەکانی ڕێژیمدا بڵاو دەبێتەوە لە حاڵێکدایە کە "زارا محەممەدی" لە تۆمەتەکانی ئەندامەتیی حیزبە کوردییەکان و پێکهێنانی دەستە و گرووپ "تەبرەئە" کرابوو.