کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیم بە خەیاڵی خۆی ئامریکا و ئیسرائیل لە نێو دەبات

13:54 - 24 خاکەلێوه 2719

کوردستان میدیا: بەرپرسانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، هەڕەشەیان لە ئامریکا و ئیسرائیل کردووە، کە ئەمنییەتیان نییە و لەسەر بڕیاری خامنەیی ڕاوەستاون هەتا لە نێویان ببەن.

لە دوای ئەوەی کە سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، لە لیستەی گرووپە تێرۆریستییەکاندا ناوی تۆمار کر،ا بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران هەر کامەیان بە نۆرەی خۆیان دژی ئامریکا هەڵوێستیان گرت و هەڕەشەیان لە ئامریکا کرد.

"کەیومەرس حەیدەری"، فەرماندەی هێزی زەوینیی ئەرتەشی ڕێژیمی ئێران، لە قسەکانی لە نوێژی هەینیدا باسی لەوە کردووە، "ئەگەر ڕێبەر ئیزن بدات سپا تلاڤیڤ لە نێو دەبات".

هاوکات "موەحدی کرمانی"، لە وتەکانی نوێژی هەینیی تاراندا ڕایگەیاندووە: "ئەگەر ئامریکا و ئیسرائیل هەڵەیەک بکەن بنکەکانیان لە ناوچەدا هیچ ئەمنییەتییەکیان نابێت و ڕۆژگاری ڕەشیان دەبێت".

دانڵد ترامپ، سەرکۆماری ئامریکا، ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ١٩ی خاکەلێوە، سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێرانی لە لیستەی ڕێکخراوە تێڕۆریستییەکاندا خست.

لە داوی ئەو بڕیارەی ئامریکا، ژمارەیەک لە بەرپرسان و فەرماندە نیزامییەکانی ڕێژیم، بە توندی دژکردەوەیان دژی ئەو بڕیاری ئامریکا لە خۆ پیشان دا.

فەرماندە نیزامییەکانی ڕێژیمی ئێران، بە جیددی هەڕەشەیان لە ستادی فەرماندەیی سێنتکام کردووە، کە لەمەبەدواوە هیچ ئەمنییەتییەکی نییه.

ڕێژیمی ئێران لە سیاسەتی خۆیدا، بەردەوام باسی لەوە کردووە، کە دەوڵەتی ئیسرائیل لە نێو دەبات و هەتا ئێستاش چەندین جار بە شێوەی ڤیدئۆیی بڵاویان کردووەتەوە کە ئیسرائیل لە نێو دەبات.