کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیم بە زۆر خەڵک دێنێتە سەرشەقام هەتا ئابڕوو کۆ بکاتەوە

17:06 - 26 بەفرانبار 2719

کوردستان میدیا: ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران کە هیچ ڕەواییەکی لەنێو خەڵکدا نەماوە و لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا کە لەلایەن خەڵکەوە بەتەواوی سەرشۆڕ و ڕیسوا کرا، بە ناردنی نامە، داوای لە هەموو فەرمانبەرانی خۆی کردووە کە دەبێ لە ڕێپێوانی ڕۆژی هەینیدا بەشدار بن.

شورای هاوئاهەنگیی تەبلیغاتی ئیسلامیی ڕێژیمی ئێران لە پارێزگای سنە کە چەندین ڕۆژە دژی ڕێژیم خۆپیشاندانی تێدا بەڕێوە دەچێت، ڕۆژی هەینی خۆپیشاندان بەڕێوە دەبات و بۆ ئەم مەبەستە بە ناردنی نامە بۆ هەموو فەرمانبەران، دامەزراوە و ڕێکخراوە دەوڵەتییەکان، داوای لێکردوون کە دەبێ لەو ڕێپێوانەدا بەشداری بکەن.

لەو نامەیەدا باس لەوە کراوە کە ئامانج لەم ڕێپێوانە کە ڕۆژی هەینی، ٢٧ی بەفرانبار، دوای نوێژی هەینی بەڕێوە دەچێت ئەوەیە کە هەیمەنەی ئامریکا تێک بشکێنێت و هەروەها هاودەردیی خۆی لەگەڵ بنەماڵەی قوربانییانی فڕۆکەی ئۆکراینی نیشان بدات.

ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران دوای ئەوەیکە لەژێر ناوی "تۆڵەی سەخت" هێرشی کردە سەر بنکەی ئامریکا لە عێراق، پەدافەندی سپای تێرۆریستی پاسداران لە نزیک تاران فڕۆکەیەکی ئۆکراینیی بە ١٧٦ موسافیرەوە کردە ئامانج و خستیە  خوارەوە.

ڕێژیمی ئێران دوای چەند ڕۆژ نەکۆڵیکردن لەم بابەتە، بەناچار دانی بەوەدا نا کە بۆ خۆی هۆکاری ئەم کارەساتە بووە.

دوای دانپێدانانی ڕێژیم بەم تاوانەدا، خەڵکی کوردستان و ئێران دژی ڕێژیمی ئێران و سپای تێرۆریستی پاسداران هاتنە سەر شەقام و بە توندترین شێوە ئەم ڕێژیمەیان ڕیسوا و سەرشۆڕ کرد.

لە سنە، خەڵک و بەتایبەت خوێندکاران دژی ڕێژیمی ئێران خۆپیشاندانیان بەڕێوە برد و هەروەها ڕۆژی پێنجشەممە، ٢٦ی بەفرانبار، خەڵکی سنە لە ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی قوربانییانی ئەو کارەساتەدا بەشدارییان کرد و دژی ڕیژیم دروشمیان دا.

ئێستا کە ڕێژیمی ئێران هیچ ڕەواییەکی لەنێو خەلکدا نەماوە، بە زۆرەملێ دەیەهەوێت خەڵک بهێنێتە سەر شەقام و ئابڕوو بۆ خوی کۆ بکاتەوە.