ئابووریناسێک ڕایگەیاندووە کە ڕێژیم لە بوورسدا خەڵکی هەڵخەڵەتاندووە و لە ئاکامدا بە کۆکردنەوەی سەرمایەکانی خەڵک کەمیی بودجەی خۆی قەرەبوو کردووەتەوە.
"مەحموود جامساز"، ئابووریناس و لێکۆڵەری بابەتە ئابوورییەکان وتوویەتی: "بوورس لە سەرەتای ساڵدا پشکێکی زیاتر لە ١٠٠ لەسەدی هەبووە کە پاش ماوەیەک داڕما، چونکە بەڕێوەچوونی کارا و ڕوونی نەبووە و لەلایەکی دیکەوە زۆرینەی شێرکەتەکان لەو بازاڕەدا زیانیانبەخش بوونە".
ناوبراو هەروەها وتوویەتی کە لەڕاستیدا بەهۆی ئەوەی کە گەشەی ئابووریی وڵات نەرێنییە، گەشەی بازاڕی سەرمایە و نرخی باڵای پشکەکان مەنتقی نییە و ئەمە بە واتای ئەوەیە کە نرخەکان بڵقن.
ڕێژیم بە بەخشینی دەرسەدێک لە پشکەکانی دەوڵەت و پڕۆپاگاندا و بانگەشەی فریودەرانە، سەرمایە و پاشەکەوتە وردەکانی خەڵکی ڕاکێشا نێو بوورسەوە تا بەشێک لە کەمیی بودجەکانی خۆی قەرەبوو بکاتەوە.
لە ئاکامدا پاش گەشەیەکی درۆیین پێوەرەکان داڕما، بەڵام ڕێژیم لە بوورسی ٤٦ هەزار میلیارد تمەنیدا بە بەهای لەناوچوونی پاشەکەوتە وردەکانی چینی مامناوەندی و لاواز، گیرفانی خۆی پڕ کرد کە بوو بەهۆی ناڕەزایەتیی خەڵکانێک کە سەرمایەکانیان لەدەست دابوو.