کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیم بە پیلان خەریکە گوندی "خورینج" بە هاووڵاتییان چۆل دەکات

12:30 - 28 جۆزەردان 2722

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی "کوردستان میدیا"، دوای ماوەی چەند ساڵ لە داخرانی کوورەخانەی خشتبڕی لە گوندی "خورینج" سەر بە شاری پیرانشار، بەهۆی خراپیی خۆڵەکەی لە ئێستادا دوو کەسی سەر بە ڕێژیم بە ناوەکانی "هاشم پاداش" خەڵکی شاری پیرانشار و "فەلاح" کە تورک زمانە و بە وتەی خۆی دەرەجەداری هێزی ئینتزامیی ڕێژیم و خەڵکی شاری "وررمێـ"ـە، بە بڕی ٢٦ میلیارد تمەن ئەو کوورەخانەیان کڕیوەتەوە.

ئەو دوو کەسە ئێستا خەریکی نۆژەنکردنەوەی ئەو کوورەخانەیەن کە ناڕەزایەتیی دانیشتووانی ئەو گوندەی لێ کەوتووەتەوە.

بەپێی زانیارییەکان لەو ڕێگایەوە سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیم بە یارمەتیی شورای گوند بە نیازە پایگای بەسیج لەو گوندە دابمەزرێنیت و بۆ بەرەوپێشبردنی پیلانەکانیان بە داگیرکردنی زەوی و زاری خەڵک ئەو گوندە بە زۆرەملێ بە خەڵک چۆل بکەن.

 شوناسی ئەو کەسانەی دەستیان لەو پیلانەی ڕێژیمدا هەیە "ع.ئا.م، ع.پ، خ.م.پ" ڕاگەیەندراوە.

ڕێژیم بۆ گۆڕینی دێمۆگرافیی کوردستان لە هەر ڕێگایەک کەڵک وەردەگرێت، بەڵام هاووڵاتییان دەبێ لەهەمبەر ئەو پیلانانەی ڕێژیم هۆشیارانەتر هەڵسوکەوت بکەن.