کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیم بەتەمای شێواندنی کۆبوونەوەی ئێعترازی خەڵکە

22:08 - 31 جۆزەردان 2722

پاش بڵاوبوونەوەی ڕاگەیەندراوی هەندێ لە چالاکانی سیاسی و فەرهەنگی شاری سەقز لەمەڕ کۆبوونەوەی جەماوەری لە بەردەم فەرمانداری ئەم شارە و ئێعتراز دەربڕین لە پێوەندی لەگەڵ دەسبەسەرکردنی بەلێشاوی مامۆستایان لە ٢٥ و ٢٦ی مانگی جۆزەردان، ئەمڕۆ هەندێ بەناو مامۆستا کە کەسایەتییان بۆ کۆمەڵگەی فەرهەنگی کوردستان دیارە و زیاتر سەر بە ڕەوتی بەناو ئیسڵاحخوازی ڕێژیمن وەخۆ کەوتوون و هەوڵی دڵساردکردنەوەی ڕای گشتی دەدەن تاکوو بەشداری لەم کۆبوونەوە ئێعترازییە نەکەن.

لەم چوارچێوەیەدا هەندێ لەم کەسانە کە ناویان لای کوردستان میدیا پارێزراوە، لە فەزای مەجازیدا ڕایانگەیاندووە کە داواکاری بۆ کۆبوونەوەی ڕۆژی چوارشەممە داواکاری مامۆستایان نییە و خەڵک نابێ بەشداری تێدا بکەن.

هەروەها هەندێ لەم کەسانە لەبەردەم دادگای سەقز و لە کۆڕی بنەماڵەی گیراوان کە لەوێدا کۆ بوونەتەوە تا هەواڵێک لە چارەنووسی ڕۆڵەکانیان وەدەست بهێنن، هەوڵی بێڕێزیکردن بە ئامانجی مامۆستایانی دەسبەسەرکراویان داوە کە ڕوونە کۆی ئەم کردارانە لە بەرژەوەندی کۆماری ئیسلامی و ناوەندی ئەمنیەتییەکانیەتی.

لە لایەکی دیکەشەوە فەرمانداری ڕێژیم لە سەقز، جەعفەر تەوان، ئەگەرچی لەلایەن بنەماڵەی مامۆستایانی گیراوەوە چەندین جار داوای لێکراوە کە چاوپێکەوتنیان لەگەڵ ئەنجام بدا و ناوزڕاویش هەر خۆی لەم دیدارە دزیوەتەوە، لە ڕۆژی ڕابردووەوە بەتایبەتی تەلەفوونی بۆ کەسوکاری هەندێ لەم مامۆستایانە کردووە و پێی وتوون تکاتان لێ دەکەم واز لە کۆبوونەوە و ناڕەزایەتی دەربڕین بهێنن.

سەرباری هەموو ئەم گوشارانە چالاکانی سیاسی و فەرهەنگی ئەم شارە ڕایانگەیاندووە کە لەسەر داواکارییەکەیان بۆ وەڕێخستنی کۆبوونەوەی پشتیوانی لە مامۆستایان سوورن و هەڕەشە و تەماح‌وەبەرنان و تکاکاری کەسانی ناوزڕاوی ئاماژەبۆکراو ناتوانێ لە چالاکییەکانیان ساردیان بکاتەوە و ئەوان ڕۆژی چوارشەممە ئەم کۆبوونەوەیە بەڕێوە دەبەن.