کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیم بەردەوام هێرش دەکاتە سەر کولتووری کورد

13:07 - 9 بانەمەڕ 2719

کوردستان میدیا: بەرپرسی ستادی "امر بە معرف و نهی از منکر"، شایی و خۆشیی خەڵک لە بۆنە کولتووری و کوردەوارییەکاندا، بە ئاکاری دژەئێخلاقی ناو لێ دەبات.

"مەحموود ئەڵڵامورادی"، بەرپرسی ستادی "امر بە معرف و نهی از منکر" ڕێژیم لە پارێزگای سنە"، لە وتووێژێکی خەبەریدا، باسی لەوە کردووە کە: "هەندێک کەس کولتووری خەڵکی کورد لە دەستماڵێکدا بە ناو "چۆپی" پێناسە دەکەن و لەم دواییانەشدا لە ڕێوڕەسمە کولتوورییەکاندا، هەڵپەرکێی تیکەڵاو دەکەن".

ئەو بەرپرسەی ڕێژیم، هەروەها وتوویەتی: ئێمە دژ بە خۆشیی خەڵک لە ڕێگەی دروستەوە نین، بەڵام لە گەڵ بێئێخلاقیدا نین.

ئەم قسانەی ئەو بەرپرسەی ڕێژیم لە کاتێکدایە، کە خۆشی و شایی لە مێژووی دێرینەی خەڵکی کوردستاندا یەکێک لە کولتوور و شوناسەکانی گەلی کوردە، کە ڕێژیم لە هەر ڕێگایەکەوە هەوڵ بۆ کاڵکردنەوە و نەهێشتنی ئەو کولتوورە تایبەتییانەی خەڵک دەدات.

هەروەها لە کاتی بەڕێوەچوونی بۆنە کولتوورییەکاندا، هەڕەشە لە خەڵک دەکەن و تەنانەت دەستبەسەریشیان دەکەن.

ئەم ڕێژیمە لە هەمان کاتیشدا، بە بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمگەلێکی تایبەت، هەوڵی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ چالاکییە مەدەنییەکانی خەڵک دەدات و لە لایەکی دیکەشەوە هەوڵی سڕینەوەی کولتووری خەڵک بە جێگیرکردنی کولتوورێکی بێگانە دەدات.

لە بەرانبەردا، خەڵک لە بۆنەکاندا، بەپێچەوانەی ویستی بەرپرسانی ڕێژیم، بە بەڕێوەبردنی هەڵپەڕکێی کوردی و کەڵکوەرگرتن لە سیمبۆلە کوردییەکاندا پێش بە توانەوەی کولتووریەکەیان بە دەستی داگیرکەرەوە دەگرن و ڕووی ڕاستەقینەی کولتووری کورد پیشان دەدەن.