کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیم بەنیسبەت کۆرۆناوە کەمتەرخەمە

11:23 - 5 رەشەمه 2719

بەرپرسانی ڕێژیم داوایان لە خەڵک کردووە کە بۆ پێشگرتن لە تووشبوون بە کۆرۆنا لە ماڵەکانیاندا  وەدەرنەکەون و هیچ تەکبیرێکی بۆ حاڵی خەڵک نەکردووە.

بەرپرسانی ڕێژیم بەنیسبەت بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئێران و بەتایبەتی شاری "قوم"، بەشێوەیەکی کەمتەرخەمانە و خەمسارد هەڵسوکەوت دەکەن و داوایان لە خەڵک کردووە، خۆیان قەرەنتینە بکەن.

"سەعید نەمەکی"، وەزیری وەزارەتی بێهداشتی ڕێژیم، داوای لە خەڵک کردووە کە لە ماڵەکانیان نەیەنە دەرەوە و خۆیان ڕەچاوی خاڵەکانی خۆپاراستن بکەن و داوای لە خەڵکی شارەکان کردووە لە سەفەر و هاتوچۆ خۆ بپارێزن.

لە حاڵێکدا کە ڕاپۆرتە مەیدانییەکان باس لە قۆرغکردن و نەمانی دەمامک و کەلوپەلی بێهداشتی دەکەن ڕێژیم وتوویەتی کە دەمامک و کەرەستەی بێهداشتیمان لەنێو خەڵکدا بڵاو کردووەتەوە.

نەمەکی هەروەها وتوویەتی کە پاش بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا لە چین، دەوڵەت فڕینی ڕاستەوخۆی فڕۆکەکانی لە چینەوە ڕاگرتووە، بەڵام گەشتە ناڕاستەوخۆوەکان بەردەوام بوونە.

ئەو قسانەی نەمەکی لە حاڵێکدایە کە ڕیژیمی ئێران تەنیا وڵاتێکە کە سەفەرەکانی خۆی بۆ وڵاتی چین ڕانەگرتووە و شێرکەتی فڕۆکەوانیی "ماهان ئەیر" هەروا لە گواستنەوەی موسافیر بەردەوامە.