کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیم بەهۆی خۆپیشاندانەکانەوە هێڵی ئینتێرنێتی بڕیوە

11:10 - 26 خەزەڵوەر 2719

کوردستان میدیا: پاش ڕژانە سەر شەقامی خەڵک و ناڕەزایەتی و خۆپیشاندان لەهەمبەر گرانبوونی نرخی بێنزین لە ئێراندا، ڕێژیمی ئێران بۆ پێشگرتن لە بڵاوبوونەوەی وێنە و ڤیدیۆی توندوتیژییەکان بەرانبەر بە خەڵک، هێڵی ئینتێرنێتی بڕیوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، هاوکات لەگەڵ بەرفراوانبوونەوەی خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی ئێران و کوردستان، هێڵی ئینتێرنێت لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە پچڕاوە، تاکوو پێش بە بڵاوبوونەوەی وێنە و ڤیدیۆکانی توندوتیژی بەرانبەر بە خەڵک بگیردرێت.

زانیارییە بڵاوکراوەکان لەلایەن چاودێرانی تۆڕی ئینتێرنێت، واتە " نێت بلاکز"ەوە باس لەوە دەکەن کە تۆڕەکانی ئینتێرنێتی "هەمراهی ئەوەڵ"، "ڕایتێل" و "ئیرانسێل" لە زۆربەی شارەکاندا پچڕاوە و تەنیا ناوەندەکانی سەر بە خودی ڕێژیم ئینتێرنێتیان هەیە.

هەروەها ڕۆژی ڕابردوو دوو ئەپی "واتس ئاپ" و "ئینستاگرامـ"ـیش فیلتێر کراون و تەنیا ئەپی "سیگناڵ" کار دەکات.

هەر لەم پێوەندییەدا، "مورگن ئۆرتگاس"، وتەبێژی دەرەوەی ئامریکا، پچڕاندنی ئینتێرنێت لەلایەن ڕێژیمی ئێرانی مەحکووم کردووە.

ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران هەمیشە لە کاتی ناڕەزایەتیدەربڕینەکانی خەڵکی ئێراندا، بە پچڕاندنی ئینتێرنێت هەوڵی کپکردنی دەنگی ناڕازییان دەدات، تاکوو لەم ڕێگەیەوە پێش بە بڵاوبوونەوەی ستەمەکانی خۆی بەرانبەر بە خەڵک بگرێت و لە لایەکی دیکەشەوە، گوشارە نێونەتەوەییەکان بۆ سەر خۆی، بەهۆی پێشێلکردنی مافی مرۆڤەوە، کەم بکاتەوە.