کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیم تابووتی به‌تاڵی بۆ ئه‌هواز و مه‌شهه‌د ناردووە

13:06 - 16 بەفرانبار 2719

كوردستان میدیا: ڕێژیمی چه‌واشه‌كاری ئیسلامیی ئێران ته‌نانه‌ت له‌ بردنه‌وه‌ی جه‌نازه‌ی پاسداره‌ كوژراوه‌كانیدا چه‌واشه‌كاریی كرد و تابووتی به‌تاڵی بۆ ئه‌هواز و مه‌شهه‌د نارد.

به‌پێی زانیارییه‌ ورده‌كان و ڤیدیۆیه‌ک كه‌ به‌ده‌ستی ماڵپەڕی "كوردستان میدیا" گه‌یشتووه‌، به‌رپرسانی ڕێژیم تابووتی پاسداره‌ كوژراوه‌كان، "قاسم سلێمانی" و كه‌سه‌كانی دیكه‌یان به‌ به‌تاڵی سواری ماشین كردووه‌ و تابووته‌ به‌تاڵه‌كانیان ناردووه بۆ ئه‌هواز و له‌وێشه‌وه‌ ناردوویانە بۆ مه‌شهه‌د.

بەپێی ئەو زانیارییە، ڕێژیمی ئێران خه‌ڵكی دیاریكراو و ده‌ستنیشانكراویشی به‌ زۆره‌ملێ ناردووه‌ بۆ مەراسمی پێشوازی له‌ تابووته‌ به‌تاڵه‌كان.

به‌پێی زانیارییه‌ ورده‌كان، تیمی تایبه‌تی سپای قودس، جه‌نازه‌ی پاسداره‌ كوژراوه‌كانیان به‌ فڕۆكه‌یه‌كی تایبه‌ت له‌ به‌غداوه‌ سوار كردووه‌ و له‌ تاران دایانبه‌زاندوه‌.

به‌پێی ڤیدیۆیه‌ک كه‌ به‌ ماڵپەڕی "كوردستان میدیا" گه‌یشتووه‌، جه‌نازه‌ی "قاسم سلێمانی، ئه‌بوو مه‌هدی موهه‌ندیس، حوسێن جه‌عفه‌ری نیا، هادی تارمی، وه‌حید زه‌مانیان و شه‌هرود موزه‌فه‌ری نیا" به‌ فڕۆكه‌یه‌ک له‌گه‌ڵ تیمی تایبه‌تی سپای قودس ڕاسته‌وخۆ له‌ به‌غداوه‌ نێردراون بۆ تاران.