کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیم تاوانی کەمبوونەوەی بەرهەمهێنانی گازی خستووەتە ئەستۆی خەڵک

18:20 - 4 رێبەندان 2720

بەرپرسێکی ڕێژیم وتوویەتی دابەزینی زەخت لە کۆی گشتیی مەیدانی گازیی "پارسی باشوور"دا بەهۆی ئەوەیه کە هەندێک لە سەکۆکان گەیشتوونەته توێخی ئاودار یا لە هەندێک لە سەکۆکانی دیکە گاز بەرهەم نایەت، بەرهەمهێنانی گاز دابەزیوە

مەیدانی گازیی "پارسی باشوور"، پاش ساڵی ١٤٠٣ لەگەڵ کەمبوونەوەی بەرچاوی زەختی ئەنبارەکان بەرەوڕوو دەبێت.

نزیکەی ٤٠ لەسەدی پاشەکەوتی گازیی ئێران لە مەیدانی "پارسی باشوور" دایە و زیاتر لە ٣ لەسەر ٤ی گازی ئەو وڵاتە لە هەمان مەیدانەوە کە هاوبەشە لەگەڵ قەتەر دابین دەکرێت.

لە ماوەی حەوتووەکانی ڕابردوودا بچڕانی بەرق ڕەوتی ژیانی ئاسایی خەڵک و بەشێک لە بەشی بەرهەمهێنان، پیشە و خزمەتگوزارییەکانی لەگەڵ کێشە بەرەوڕوو کردووە.

بەرپرسانی ڕێژیم ئیدعایان کردووە کە کەمبوونی بەرق هەڵدەگەڕێتەوە بۆ کەمبوونی گاز کە هەندێک لە وزەخانەکان ناچار بە بەکارهێنانی مازووت بوونە.

ئەمە لەحاڵێکدایە ڕاپۆرتەکان باسیان لەوە کردووە کە بەکارهێنانی کارەبا بۆ دەرهێنانی "بیتکۆین" هۆکاری سەرەکیی کەمبوونەوەی بەرقه، بەڵام بەرپرسانی ڕێژیم بەکارهێنانی زۆری گازیان بە هۆکار زانیوە و داوایان لە خەڵک کردووە کە بەکارهێنانی گازیان کۆنترۆڵ بکەن.