کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیم ترسی لێ نیشتووە!

11:54 - 2 پووشپەڕ 2722

ئاسۆ مینبەری

ئەگەر ئاوڕێک لە مێژووی ڕزگاریخوازیی نەتەوەی کورد بدرێتەوە، بەڕوونی دەردەکەوێ کە چۆن کورد وەک گەورەترین نەتەوەی بێ‌دەوڵەت بە بەردەوامی کەوتووەتە بەر شەپۆلی دەستدرێژی و داگیرکاریی داگیرکەرانی کوردستانەوە، بەڵام هاوکات لەگەڵ ئەمەش بۆمان دەردەکەوێ کە چۆن توانیومانە لە بەرانبەر هێزی پۆشتە و پەرداخی داگیرکەردا ڕاوەستین و بە پشتبەستن بە ئیرادەیەکەی پتەوی نەتەوەیی خەباتەکەمان دژ بە داگیرکاری ئاو و خاک و نیشتمان بە ئەمڕۆ بگەیێنین.

لەکەس شاراوە نییە و مێژووش بە ڕاشکاوی شاهێدی بۆ ئەم کەتوارە دەدات کە چۆناوچۆن بە بەردەوامی کەوتووینەتە بەر تەوژمی داگیرکارییەوە تاکوو خاک و نیشتمانمان لێ داگیر بکرێ و لە کۆتاییدا دەستەوئەژنۆ، لە بەرامبەر داگیرکارانی کوردستاندا بە چۆکدا بێین، لەم پێناوەشدا بە هەزاران کەسمان بوونەتە قوربانی و خوێنی زۆرمان داوە بەڵام هێشتا لە سەر پێین و داوای مافی ڕەوای خۆمان دەکەین.

زۆرجار باس لەوە دەکرێ کە هەبوونی حیزب و گرووپ لە کۆمەڵگاکاندا دەتوانێ دەرفەتێکی باش بۆ پێداگریکردن لە سەر ماف و داخوازییە ڕەواکان بێت، ئەمە لە کۆمەڵگای کوردستاندا بە ڕوونی دیار و بەرچاوە.

بە درێژایی هەبوونی دەسەڵاتە پاوانخوازەکان لە سەر خاکی کوردستان، کورد هەوڵی داوە تاکوو بە خۆڕێکخستنەوە لە قاڵبی حیزب و گرووپی جیاوازدا، پێداگری لە سەر مافی نەتەوەیی بکات.

هەر لەم ڕاستایەدا بوو کە حیزبی دێموکراتیش وەکوو حیزبێکی پێشڕەو لە ساڵی ١٣٢٤ی هەتاویدا دامەزرا و بوو بە هەوێنی خەباتێکی نەپساوە کە تاکوو ئەمڕۆ، وەکوو پاڵپشتێکی گەورە و بەهێز بۆ خەڵکی کوردستان درێژەی بە تێکۆشانی خۆی داوە، حیزبێک کە بووە هەوێنی دامەزرانی یەکەمین دەسەڵات لە شکڵی کۆماری لە کوردستاندا و بێگومان سەرەڕای ئەوەی کە کۆماری کوردستان تەمەنی کورت بوو بەڵام، ئاسەوار و کاریگەریی خۆی هەتا ئێستاش ماوە و بێگومان لە داهاتووشدا هەر دەمێنێ.

لە پاش هاتنە سەرکاری ڕێژیمی ئاخوندی و لەو کاتەوە کە دەسکەوتەکانی شۆڕشی گەلانی ئێران بەتاڵان براوە، تاکوو ئەمڕۆ کە زیاتر لە ٤٣ ساڵی بەسەردا تێدەپەڕێت، دژایەتی لەگەڵ حیزبی دێموکرات بەردەوام بووە، ڕێژیم زۆر هەوڵی داوە تاکوو لە ڕێگای جۆراوجۆرەوە زەربە لە پرەستیژ و هەروەها پێگەی ئەم حیزبە بدات و بە فرتوفێڵ، خۆشەویستیی ئەم حیزبە لە دڵی کۆمەڵانی خەڵکدا بسڕێتەوە، بەڵام بێگومان نەیتوانیوە و هیچکاتیش ناتوانێ سەرکەتوو بێت.

لە ساڵی ٧٥ی هەتاوییەوە کە ڕێبەرایەتیی حیزبی دێموکرات بەهۆی پاراستنی بەرژەوەندییەکانی کوردستانی باشوور بڕیاری دا کە شێوازی خەباتی ئەم حیزبە ببەنە فازێکی دیکەوە و زیاتر گرینگیان بە خەباتی تەشکیلاتی لە کۆمەڵگای کوردستاندا دا، ڕێژیم ئەمەی وەکوو درفەتێک بینی بۆ ئەوەیکە بە بەردەوامی باس لە نەمانی حیزبی دێموکرات بکات، لە زۆر کتێب و نووسراوە و تەنانەت بەرنامەی تێلێویزیۆنیشدا حیزبی دێموکراتیان بە حیزبی مونحەلەی دێموکرات ناو برد و ویستیان وای بنوێنن کە حیزبی دێموکرات خەڵکەکەی خۆی بە جێ هێشتووە و ئەوە ئەوانن کە بە قەولی فارسەکان بوونەتە دایەی مێهرەبانتر لە دایک و خەڵک دەبێ بچنەوە باوەشی ئەوان و دەسەڵاتە نگریسەکەیان.

پاش ٢٠ ساڵ خەباتی تەشکیلاتیی نهێنی لە کوردستانی ڕۆژهەڵات، ڕێبەرایەتیی حیزبی دێموکرات بە خوێندنەوەیەکی واقعبینانە بۆ دۆخی ئێستای کوردستان، بڕیاری دا کە فازێکی نوێ لە خەبات بەدژی داگیرکەران دەست پێ بکاتەوە، هەر بۆیە لە نەورۆزی ٩٥ی هەتاویدا بە ڕاگەیاندنی "ڕاسانی ڕۆژهەڵات"، وەکوو قۆناغیکی نوێ لە خەبات، حیزبی دێموکرات دیسان، وەکوو ڕێچکەی ڕابردوو، بوو بە پێشەنگی خەباتێک کە هیوایەکی نوێی بە کۆمەڵگای کوردستان بەخشی.

ئەم قۆناغە نوێیە لە خەبات پەیامێکی گرینگی بە ڕێژیم گەیاند، ئەویش ئەوە بوو کە سەرەڕای ئەوەی ڕێژیم هەوڵی دابوو کەڵک لەو ٢٠ ساڵە وەربگرێ و نەسڵێکی گوێڕایەڵ بە ئامانجەکانی خۆی پەروەردە بکات، بەپێچەوانە نەسڵی نوێ بە ڕاگەیاندنی ڕاسانی ڕۆژهەڵات پۆل پۆل پەیوەست بە ڕیزی پیشمەرگایەتییەوە بوون و سەلماندیان کە پەروەردەی ئیدئۆلۆژیکی کۆماری ئیسلامی نەیتوانیوە و ناتوانێ بیری ئازادیخوازی لە مێشکی ڕۆڵەکانی کوردستاندا بسڕێتەوە. کەوابوو ڕێژیم تووشی شکستێکی گەورە بوو، ئەویش لەو نەسڵەی کە لەم ٤٣ ساڵەدا بە هەموو هێز و تواناوە هەوڵی دابوو بە قازانجی خۆی پەروەردەی بکات.

بەڵام ئەوەی کە گرینگە، هەوڵەکانی ڕێژیم بۆ پڕوپاگەندە بەدژی حیزبی دێموکراتە!

لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا و لە نوێترین هەوڵدا، ناوەندە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمی ئێران بۆ چەندەمین جار لە شەقام و کۆڵانەکانی شاری سەقزدا دەستیان بە نووسینی دروشم بەدژی حیزبی دێموکرات کردووە! دیارە ئەمە کردەوەیەکی تازە نییە و بەپێی چییەتیی ڕێژیمی ئێرانیش نابێ جێگای سەرسووڕمان بێ، بەڵام لە ڕوانگەیەکی دیکەوە دەکرێ وەکوو شکستێکی گەورە بۆ ڕێژیم چاوی لێ بکرێت!

ئەگەر تا دوێنێ حیزبی دێموکرات لای ئەوان حیزبێکی مونحەلە بوو و شتێکی لێ نەمابوو، ئەوە ئەمڕۆ خۆیان بەنووسینی دروشمی لەم چەشنە دان بەو ڕاستییەدا دەنێن کە حیزبی دێموکرات هەیە و بێگومانیش بووەتە هێزێکی شوێندانەر! هەر بۆیە ترس لەم هێزە شوێندانەرە ئەوانی گەیاندووەتە ئەو جێگایەی کە بە نووسینی دروشم لە سەر دیوار و لە کۆڵانەکاندا دژایەتیی حیزبی دێموکرات بکەن. مەگەر مووشەکباران و تۆپباران توانی ئەو حیزبە لە خەبات بوەستێنێ کە دروشمگەلێکی لەم چەشنە بتوانن خەباتی ئەو حیزبە تووشی وەستان بکەن!؟

ڕێژیم ئەبێ لەو کەتوارە تێبگات کە نووسینی دروشم دژی حیزبی دێموکرات نەتەنیا بێزاریی هاووڵاتییان لە ڕێژیم چەند بەرابەر دەکاتەوە بەڵکوو دەرخەری ئەو ڕاستییەشە کە حیزبی دێموکرات جێگایەکی زۆری لەنێو خەڵکدا هەیە و ڕێژیمیش بەهۆی ئەم ڕاستییەوە ترسی لێ نیشتووە، حیزبی دێموکرات ، حیزبێکی هەڵقوڵاو لە ویست و ئیرادەی نەتەوەیی خەڵکی کوردستانە و هیچ هێزێک نییە کە بتوانێ لە بەرانبەر ویستی نەتەوەیەکدا خۆی بنوێنێ. بێگومان نووسینی دروشمی لەم چەشنە نیشان دەدات کە حیزبی دێموکرات پێگەیەکی قایمی لە نێو جەماوەری کوردستاندا هەیە و ڕێبازێکی درووستی لە پێشە، هەر بۆیە خەیاڵی خاوە کە پێی وابێ بەم کردەوەیە دەتوانێ ئەم خەباتە ڕاوەستێنێ!