کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیم ترسی لەبەڕێوەچوونی نەورۆز لە کوردستاندا هەیە

12:04 - 29 رەشەمه 2718

کوردستان میدیا: سەرەڕای گوشاری هێزە ئیتلاعاتییەکانی ڕێژیمی ئێران، دانیشتوانی گوندی "دەل" سەر بە شاری مەریوان، ڕێوڕەسمی جێژنی نەورۆز، لەو گوندە بەڕێوەدەبەن.

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، هێزە ئیتلاعاتییەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، گوشاری خستووەتە سەر دانیشتوانی گوندی "دەل" سەر بە شاری مەریوان بۆ بەڕێوەنەبردنی جێژنی نەورۆز، بەڵام هاووڵاتییانی ئەو گوندە سەرەڕای گوشارە ناوەندە ئیتلاعاتییەکان بڕیاری بەڕێوەبردنی جێژنی نەورۆزیان داوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەیەوە ڕایگەیاند: "لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا، هێزە ئیتلاعاتییەکان بە گوشار خستنەسەر دانیشتوانی گوندی دەل بۆ بەڕێوەنەچوونی ڕێوڕەسمی نەورۆز، ئێوارەی ئەمڕۆ ٢٩ی ڕەشەممە، جێژنی نەورۆز لەو گوندە بەڕێوەدەبەن".

بە وتەی ئەو سەرچاوە ئاگادارە، هێزە ئیتلاعاتییەکانی ڕێژیمی ئێران، گوشاریان خستووەتە سەر شۆرای گوندی دەل و پێیان ڕاگەیاندووە نابێت ڕێوڕەسمی نەورۆز لەو گوندە بەڕێوەبچیت و ئەو داواکارییەش لە لایەن دانیشتوانی ئەو گوندە ڕەت کرایەوە.

لەو پەیوەندییەدا، ڕێوڕەسمی جێژنی نەورۆزی مەلەکشاهی بە هۆی گوشاری هێزە ئیتلاعاتییەکان لەو شارەدا هەڵوەشایەوە.

هێزە ئیتلاعاتی و ئینتزامییەکان هێرشیان کردووەتە سەر شوێنی بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی جێژنی نەورۆز و کەلوپەلەکانی ئەو ڕێوڕەسمەیان زەوت کردووە.