کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیم توانای نۆژەنکردنەوەی قوتابخانەکانی نییە

13:24 - 14 پووشپەڕ 2719

کوردستان میدیا: بەرپرسی ئیدارەی پەروەردە و بارهێنانی ڕێژیم لە پارێزگای لوڕستاندا ڕایگەیاند کە ١١٥ قوتابخانە لەو پارێزگایەدا، بەهۆی لافاوەکانەوە داڕماون و بۆ دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندن ئامادە نابن.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەرییەکانی سەر بە ڕێژیم، "ڕەزا زەینیوەند"، بەرپرسی گشتیی ئیدارەی پەروەردە و بارهێنانی پارێزگای لوڕستان، ڕۆژی پێنجشەممە، ١٣ی پووشپەڕ، لە دانیشتنێکی شورای پلانداڕێژی و گەشەپێدانی لوڕستاندا ڕایگەیاندووە: "١١٥ قوتابخانە لەو پارێزگایەدا بەهۆی سێڵاوەکان لەنێو چوون و ٣٣٣ قوتابخانەش پێویستیی بە نۆژەنکردنەوە هەیە و ١٧٩ قوتابخانەش، کەرەستەکانیان لەنێو چووە".

ناوبراو جەختی کردووەتەوە: "بەدڵنیایەوە هیچکام لەو ١١٥ قوتابخانەیە بۆ سەرەتای مانگی ڕەزبەر ئامادە نابێت و پێویستیمان بە بوودجەیە، تا هەم قوتابخانە داڕماوەکان نۆژەن بکەینەوە و هەم کەرەستەی پێویست و لەنێوچووی قوتابخانەکانی دیکە دابین بکەین".

ڕێژیم جگە لەوەی کە لە کاتی ڕوودانی لافاوەکان لە لوڕستاندا هیچ هەوڵێکی کردەیی بۆ خەڵکی ئەو پارێزگایە نەدا و تەنانەت پێشی بە یارمەتییە خەڵکییەکان دەگرت، ئیستاش پاش ئەو ڕووداوانە، بەرپرسانی ڕێژیم لەو پارێزگایەدا بە بیانووی نەبوونی بوودجە، خۆیان لە ئاست دۆخی داڕماوییەکان لەو شارەدا بێخەم دەکەن.