کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیم تۆڵەی بەرجام لە خەڵکی ئاسایی دەکاتەوە

18:16 - 27 بانەمەڕ 2718

کوردستان میدیا: هاوکات لەگەڵ هاتنەدەرەوەی ئامریکا لە بەرجام و قوڵتربوونەوەی گرفت و کێشە نێوخۆییەکان، ڕێژیم بەمەبەستی تۆڵەکردنەوە و ڕشتنی ژاری خۆی، پەلاماری خەڵکی ڕاپەڕیوی کازروونی دا.

بەپێی دوایین گرتە ویدیۆییە بڵاوکراوەکان لە ڕووداوەکانی ٢٦ی بانەمەڕی شاری کازروون، مۆرە ئیتلاعاتی و بەناو ئینتزامییەکانی رێژیم لە شاری کازروون، وەک ماری بریندار پەلاماری خەڵکی ڕاپەڕیوی ئەم شارەیان دا و وێڕای کوشتنی چەندین هاووڵاتی سڤیل، دەیان کەسیان بریندار و دەسبەسەر کردووە.

ناوی بەشێک لە کوژراوان و برینداربووانی ئەم ڕووداوە بەم چەشنەیە: ڕەزا جەوکار، حەمید بیۆن، مەجید ویروس، بەهمەن ئەحمەدی، عەلی محەممەدی، پەرەستوو جەوکار.

خەڵکی شاری کازروون ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ٢٦ی بانەمەڕ بۆ جارێکی دیکە لەهەمبەر پڕۆژەی کەرت و پارچەپارچەکردنی شارەکەیان دەستیان دایە خۆپیشاندان کە لەگەڵ دژکردەوەی تووندی چەکدارانی ڕێژیم بەرەوڕوو بوونەوە، کە بەهۆیەوە لانیکەم ٣ کەس کوژران و دەیان کەسیش بریندار بوون.

بەپێی دوایین هەواڵەکان، بەرنوێژی هەینی کازروون داوای لە ڕاپەڕیوانی ئەم شارە کردووە کە کۆبوونەوەی ئێعترازی بەڕێوە نەبەن و درووشمی "پێکهاتەشکێن" نەدەن بەڵام خەڵک بێ‌گوێدان بەم قسانە ڕژاونەتە سەر شەقامەکان و دژ بە تەواوییەتی ڕێژیم درووشمیان داوە.

بەشێک لەم درووشمانە بریتی بوون لە: " غزە حمایت میشە، کازرون خیانت میشە"، "کازرونی میمیرد، ذلت نمیپزیرد"، "دشمن ما همینجاست، الکی میگن آمریکاست"، "ما زن و مرد جنگیم، بجنگ تا بجنگیم".

دوای پەلاماردانی خەڵک لەلایەن ڕێژیم و کوشتن و بریندارکردنی هاووڵاتییان، خەڵکی تووڕەی کازروون هێرشیان کردە سەر بنکەیەکی کەلانتەریی ڕێژیم و ئاگریان لەم بنکە سەربازییە بەردا.

ئەم ڕووداوانە دوای ئەوە هاتوونەتە ئاراوە کە حسەین ڕەزازادە، بەناو نوێنەری کازروون لە مەجلیسی ڕێژیم گەڵاڵەی دابەشکردن و کەرت‌کەرت‌کردنی ئەم شارەی بە وەزارەتی ناوخۆ دابوو و لەلایەن ئەوانەوە پەسند و بڕیار بۆ جێبەجێ‌کردنەکەی درا.