کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیم تۆڵەی شکستەکانی خۆی لە خەڵکی ئاسایی دەکاتەوە

10:35 - 8 رەزبەر 2718

کوردستان میدیا: دوابەدوای کوژران و برینداربوونی دەیان پاسداری سپای پاسداران لە ئەحواز، لەکاتی بەڕێوەبردنی ڕێژەی ساڵیادی شەڕی ماڵوێرانکەری ٨ ساڵە و دەرکەوتنی ئەمنیەتی نێوبەتاڵی، ڕێژیم پەلاماری خەڵکی ئاسایی سەر شەقام دەدات.

بەپێی هەواڵێک کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاو کراوەتەوە، ڕۆژی ڕابردوو هێزی بەناو ئینتزامی ڕێژیم لە ئەحواز لاوێکی وردەواڵەفرۆشی بەناوی "مستەفا حەیدەری" پاش دەمەقاڵەیەک لەگەڵ ‌هێزە ئەمنیەتییەکان لە بازاڕی "عەبدولحەمید" کردە ئامانجی فیشەک و گیانیان لێ ئەستاند.

پاش ئەم ڕووداوە خەڵکی ناڕازی لە دۆخی داسەپاو بەسەر شارەکەیان، هێرشیان کردە سەر مەئموورانی شارەداری و هێزە ئەمنیەتی و ئینتزامییەکان و تێکهەڵچوون لە نێوانیاندا هاتە ئاراوە.

لەلایەکی دیکەشەوە لە ڕۆژانی ڕابردوودا چەکدارانی ڕێژیم لە شارەکانی ئەحواز، مەحمەرە، عیبادان و خەفاجییە، وێڕای هێرش بۆسەر ماڵی هاووڵاتییانی عەرەب سەدان کەس لە خەڵکی ئاسایی و چالاکانی مەدەنی ئەم شارانەیان دەسبەسەر کردووە.

ماڵپەڕی "بزووتنەوەی نەتەوەیی دێموکراتیکی عەرەبی ئەلئەحواز" وێڕای پشت‌ڕاست کردنەوەی ئەم هەواڵە ڕایگەیاند: چەکدارانی رێژیم وێڕای پەلاماردان و سووکایەتی کردن بە دەسبەسەرکراوان لە دەوروبەری ماڵەکاندا تەقەیان کردووە و جەوی پۆلیسی و خەفەقانیان لەم شارانەدا درووست کردووە.

لە نێو دەسبەسەرکراواندا ژن و منداڵیش دەبیندرێ کە وەبەر لێدان کەوتوون و ترسیان خستووەتە دڵی هاووڵاتییانەوە.

"مێهدی هاشمی" چالاکی سیاسی عەرەب و نیشتەجێی وڵاتی سۆئێد لەمبارەوە بە ماڵپەڕی "کوردستان میدیا"ی ڕاگەیاندووە: ڕێژیم هەوڵێکی جیددی بۆ پاکتاوی ڕەگەزی لە ناوچە عەرەب‌نشینەکان دەست پێکردووە و بە ڕەچاوکردنی سیاسەتی ئاپارتاید هەوڵ دەدات هاووڵاتییانی ڕەسەنی ئەم ناوچانە لە شوێنی ژیانی چەند سەد ساڵەیان بتارێنێ.

دەشڵێ: گەلی عەرەب هاوشێوەی باقی نەتەوەکانی ئێران لە ماوەی ٤٠ ساڵی ڕابردوودا بەردەوام خراونەتە ژێر گوشار و زەبروزەنگ و لەم ڕاستایەشدا داهاتی سەرچاوە ژێرزەوینی و ڕووزەوینییەکانی ناوچە لەباتی خستنە خزمەت ئاوەدانی و ئاسایشی خەڵک، لەدژی ئەم گەلە کەڵکی لێوەرگیراوە.

ناوچە عەرەبنشینەکانی ئێران خاوەنی چەندین میلیارد میتری سێگۆشە گاز و نەوتن کە ئابووریی ئێران هەڵدەسووڕێنن؛ هەروەها ئەم ناوچەیە بەهۆی بوونی خاکی بەپیت توانایی دابین کردنی خۆراکی نیزیک بە ٨٠ میلیۆن کەسی هەیە بەڵام بە کردەوە دەبینین کە دانیشتوانەکەی لەوپەڕی هەژاری و بێدەرەتانیدا دەژین.