کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیم تەنیا بیر لە تاڵانکردنی دارستانەکانی زاگرۆس دەکاتەوە

18:08 - 26 بانەمەڕ 2719

کوردستان میدیا: ڕێژیمی داگیرکەری ئاخوندیی ئێران، تەنیا بیر لە تاڵان و کاولکاریی سەرچاوە و کانگاکانی زاگرۆس دەکاتەوە و بەم هۆکارەشەوە ناڕەزایەتیی بەرپرسانی خۆجێیی ڕێژیم لە کوردستانی لێ کەوتووەتەوە.

ڕێژیمی داگیرکەری ئێران، جیا لەوەی کە هیچ بایەخێک بە ئاوەدانی و پاراستنی ژینگە، سروشت، کانگا و ئاسەوارە مێژووییەکانی کوردستان نادات، بەڵکوو بە هەموو شێوەیەک هەوڵی کاولکاری و بە تاڵانبردنیانی داوە و بۆ ئەم کارە نامرۆڤانەیەی خۆشی، لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا مۆرە و بەکرێگیراوی تایبەتی داناوە.

لە شارەکانی کوردستان، ناوەندگەلێکی شانۆیی و نمادینی وەکوو: "بەڕێوەبەرایەتیی ژینگەپارێزی، بەڕێوەبەرایەتیی دارستانپارێزی، بەڕێوەبەرایەتیی سەرچاوە سروشتییەکان، بەڕێوەبەرایەتیی کانگاکان و هتد"، دانراوە کە هیچ هەنگاوێک بە نیسبەت کاری خۆیان هەڵناگرن.

لەم پەیوەندییەدا "ڕەزا ئەحمەدی"، بەرپرسی دەسنیشانکراوی ڕێژیم بۆ بەڕێوەبەرایەتیی سەرچاوە سروشتییەکانی پارێزگای ئیلام، لە لێدوانێکدا لەگەڵ ماڵپەڕەکانی ڕێژیم، ڕایگەیاندووە کە پەرەسەندنی ئاگری دارستانەکانی زاگرۆس بەگشتی و بەتایبەت ئەو بەشەی لە پارێزگای ئیلام، بە هۆی نەبوونی هێزی کاری و پێرسۆنێلەوەیە و زۆرجار توانایی کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکانمان نابێت.

ئەو بەرپرسەی ڕێژیم لە درێژەی چەواشەکارییەکانیدا، وتوویەتی: "دارستانەکانی زاگرۆس و بەتایبەت ئەو بەشە لە پارێزگای ئیلام، لە بواری ستراتیژیکەوە  زۆر گرنگ و هاوکات لەژێر هەڕەشە و مەترسیی لەنێوچووندان."

 ٤۵۰ هێتکار لە ناوچە سروشتییەکانی پارێزگای ئیلام بە ناوچەی قەیراناوی هەژمار دەکرێن، کە لە کاتی ئاگرکەوتنەوە زیانبارەکاندا زیانێکی زۆر و بەرچاو بە سروشتی ئەو شوێنانە دەگەیەت."

ناوبراو لە کۆتاییشدا، ئاماژەی بە ئەگەر و بەراوەردی زیانەکانی دارستانەکانی زاگرۆس کردووە و ڕایگەیاندووە؛ جیا لە زیانی بەنداوسازی، لافاوەکان و بەڵا سروشتییەکان، لە ئەگەری ئاگرکەتنەوە لە دارستانەکانی زاگرۆسدا و لەنێوچوونی بەهای دارە پڕبەهاکان (درختان تجاری جنگلی)، سووتانی هەر دۆنمێک لە دارستانەکانی زاگرۆس، دوو تۆن و نیو دار لەنێو دەچن، کە بەهای ئەو ڕێژەیەش ۹۶۹ دۆلارە.