کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیم "حەمامی خان" لە پارێزگای سنە دەکاتە سفرەخانە

11:38 - 12 رەشەمه 2720

کاربەدەستانی رێژیم لە پارێزگای "سنە" دەیانهەوێت "حەمامی "خان" کە ئاسەوارێکی مێژوویی کوردستانی ڕۆژهەڵاتە بکەنە سفرەخانە.

حەمامی "خان" یەکێک لە ئاسەوارە مێژووییەکانی پارێزگای "سنە"یە کە لەلایەن وەزارەتی میراتی کولتوورییەوە دەیانهەوێت بیکەنە سفرەخانە و ئەو بڕیارە بووەتە هۆکاری سەرسووڕمانی بیروڕای گشتیی خەڵک.

"یەعقوووب گەوێلییان" بەڕێوەبەری گشتیی میراتی کولتووری، گەشتیاری و پیشە دەستییەکان لە پارێزگای "سنە" وتوویەتی: "ڕوانگەی وەزارەت و ئیدارەی گشتیی میراتی کولتووریی پارێزگای سنە ئەوەیە کە ئاسەوارە مێژووییەکان بداتە دەست سەرمایەگوزارانێک کە پێشینەی چالاکیی کولتووریان لە ئاسەوارە مێژووییەکاندا هەبێت".

هاووڵاتییان باس لەوە دەکەن کە قسەکانی "گوێلیان" لە حاڵێکدایە کە ئەو سەرمایەگوزارەی کە دەیهەوێت "حەمامی خان" بکاتە سفرەخانە، پێشینەی چالاکیی کولتووریی هەیە.

هاوکات خەڵک وتوویانە، وەزارەتی میراتی کولتووری بۆچی ئەو حەمامە ناکات بە مووزەی پسپۆڕی.

هەوڵەکانی کاربەدەستانی ڕێژیم بۆ گۆڕینی بەکارهێنەریی میراتە کولتوورییەکان لە ڕێگای پێدان بە بەشە نادەوڵەتییەکان تەنیا بۆ پڕکردنەوەی کەمیی بودجەی خۆیانە و هیچ گرینگییەک بە خراپبوونی ئەو شوێنانە بەهۆی گۆڕینی بەکارهێنەری لەو شوێنانە نادەن.