کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیم خۆپیشاندەران ناچار بە دانپێدانانی زۆرەملێ دەکات

11:22 - 2 سەرماوەز 2719

کوردستان میدیا: دەزگا بەناو ئەمنییەکانی ڕێژیمی ئێران سەرەڕای سەرکوتی خۆپیشاندەران و ناڕازییان، لە هەوڵدان کە دانپێدانانی زۆرەملێی خۆپیشاندەرانی دەسبەسەرکراو بڵاو بکەنەوە.

دوابەدوای بڵاوکردنەوەی دانپێدانانی زۆرەملێی یەکێک لە ژنانی دەسبەسەرکراو لە خۆپیشاندانەکان، یەکێک لە پاسدارەکانی ڕێژیم لە پارێزگای ورمێ، باسی لەوە کرد کە وردەکارییەکانی هەڵسوکەوت لەگەڵ خۆپیشاندەران پاش بڵاوکردنەوەی دانپێدانانەکانیان ڕادەگەیەندرێت.

ئەم پاسدارەی ڕێژیم کردەوەی خۆپیشاندەرانی بە "فیتنە" ناو بردووە.

بڵاوکردنەوەی دانپێدانانی زۆرەملێ لە ئێراندا، دیاردەیەکی نوێ نییە و ڕێژیم هەموو جارێک لە کاتی ناڕەزایەتیدەربڕینەکانی خەڵکدا، هەوڵ دەدات بە گوشارهێنان بۆ سەر دەسبەسەرکراوان و ناڕازییان، دانپێدانانی زۆرەملێیان لێ وەربگرێت.

ڕێژیم بە بڵاوکردنەوەی ئەم دانپێدانانە هەوڵ دەدات بیری گشتی بە لاڕێدا ببات و خۆی بێتاوان بناسێنێت.

بڵاوکردنەوەی دانپێدانانی زۆرەملێی "مازیار ئیبراهیمی" لە کاتی تێرۆری بیرمەندە هەستەییەکانی ئێران و هەروەها دانپێدانانەکانی "ئیسماعیل بەخشی" و "سێپیدە قولیان" و بە دەیان چالاکی کورد لە تەلەفیزیۆنی ڕێژیمدا کە لە دۆسیەگەلی سیاسیدا تاوانبار ناسرابوون، نموونەی بەرچاوی ئەم هەوڵە قێزەونەی ڕێژیمی ئێرانە.