کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیم خەڵکی ناڕازیی بە هاوکاری لەگەڵ وڵاتانی دەرەکی تۆمەتبار کردووە

11:34 - 12 سەرماوەز 2719

کوردستان میدیا: ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بە مەبەستی خۆدەربازکردن و پاساوهێنانەوە بۆ تاوانەکانی خۆی، خۆپیشاندەران بە شێوازی جیاواز تۆمەتبار دەکات.

بەرپرسانی ڕێژیم پاش خۆپیشاندانەکان و کوشتار و سەرکوتی خەڵک بە شێوازگەلی دژە مرۆڤانە، بۆ شاردنەوە و پاساوهێنانەوە بۆ تاوانەکانی خۆی بەرانبەر بە خەڵک، دەستی بە سێناریۆسازی بۆ ڕووداوەکان کردووە.

لە حاڵێکدا کە خەڵک بەهۆی گرانبوونی بێنزین و دۆخی ئابووریی نالەبار لەو وڵاتەدا و لە ئاکامیشدا ناڕەزایەتی بەرانبەر بە ڕێژیم هاتنە سەر شەقام، بەرپرسانی ڕێژیم خەڵکیان بە هاوکاری لەگەڵ وڵاتانی دەرەکی تۆمەتبار کردووە.

هەروەها تۆمەتی چەکداربوونیان لە خەڵک داوە، لە حاڵێکدا کە ژمارەیەکی زۆر لە خەڵک لەلایەن هێزە چەکدارەکانی خودی ڕێژیمەوە درانە بەر دەستڕێژی گولـلە و گیانیان لەدەست دا.

لە بەرانبەردا ڕێژیم بۆ پاساوهێنانەوە بۆ کوشتاری ناڕازییان، تۆمەتی "ئەشرار"، "دژە شۆڕش" (ضد انقلاب) و" تەجزییە تەڵەبـ"ـی لە خەڵک دا.

ڕێژیم لەو ڕێگایەوە دەیهەوێت کە ڕوانگەی خەڵک بەلاڕێدا ببات و سەرپۆشیک بخاتە سەر تاوانەکانی خۆی.