کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیم دانی بە پێگەی حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆندا نا

13:42 - 8 خاکەلێوه 2719

کوردستان میدیا: ماڵپەڕەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، سەرەڕای ڕەخنە لە ناوەندە ئیتلاعاتییەکان لە کوردستان، داوای هەڵسوکەوتی توندی لەگەڵ بەشداربووانی نەورۆزی گوندی "نێ" سەر بە شاری مەریوان کرد.

ماڵپەرەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئێران لەمبارەوە ڕایانگەیاندووە: "سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراو لە مەریوانەوە ڕاپۆرتی داوە کە بەشێک لە ئەندامانی نهێنیی حیزبی دێموکرات لە ڕێوڕەسمی نەورۆزی خەڵکی گوندی "نێ" و "تەنگیسەر"دا بەشداربوونە و بە هەڵدانی ئاڵای کوردستان و یووبیلی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بشێوییان درووست کردووە وهەوڵی وتنەوەی درووشمگەلی حیزبی و سروودگەلێکی بە قسە شۆڕشگێڕانەی تێرۆریستەکانی دێموکراتیان داوە."

لەو ڕاپۆرتەی ڕێژیمدا هاتووە: " بەداخەوە ئەم ڕەوتە بەردەوامە و هێزە نیزامی و ئەمنییەتییەکان هیچ دژکردەوەیەکیان بەرانبەر ئەو ڕووداوانە نەبووە و دژەشۆڕشەکان ئاوا و بە بێ هیچ ترسێک لەو شوێنانەدا ئامادە دەبن و لە کۆمەڵانی خەڵکدا هەوڵی نەریتشکێنی دەدەن".

ئەو ماڵپەرە ئیتلاعاتییەی ڕێژیم بڵاوی کردووەتەوە: " ئەو جۆرە "هنجار شکنی" ـیه لە ڕۆژی ڕووناکدا و لە وڵاتی جمهووری ئیسلامی ئێراندا قەبووڵ ناکرێت و داوا لە ناوەندە نیزامی و ئەمنییەتییەکان دەکەین هەتا بۆ پێشگرتن لە ئاوا ڕووداوگەلێکی ناخۆش و تاڵ، بەدیهێنەرانی ئەو "هنجار شکنی"ـیه ببیندرێنەوە و دەسبەسەر بکرێن".

ئەو ماڵپەڕە جەختی کردووەتەوە: "ناوەندە نیزامی و ئەمنییەتییەکان، حەتمەن دەبێ لە بەرانبەر ئەو ڕووداوە تاڵانە لەنێو کۆماری ئیسلامیدا، وڵامدەر بن".

بڵاوبوونەوەی ڕێوڕەسمی گوندی "نێ" سەر بە شاری مەریوان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، خۆشحاڵی کاربەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی لێکەوتەوە.

هەروەها ماوەیەک پێش ئێستا، ماڵپەڕەکانی وەزارەتی ئیتلاعات  بەشداربووانی ڕێوڕەسمی نەورۆز لە شاخی "تەرەغە"ی  بۆکانیان بە تێکدەر ناو برد و داواکاری هەڵسوکەوتی جیددی لە گەڵ ئەو کەسانە بوون.

ئەو باسە کە ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران ئیددعای ئەوە دەکات و کردوویەتی کە حیزبی دێموکرات "منحلە، گروهگ، فاقد اعتبار، نداشتن پایگاه و جایگاه مردمی، بی تاثیر و...."ه و به چەندین وشەگی دیکە حیزبی دێموکرات پێناسە دەکات، هەمووی ئەو پێناسانەی ڕێژیمی ئێران خۆی بە جیاجیا قسەیان لەسەرە بەڵام ئێمە قەزاوەت دەدەینە دەست خەڵك کە ئەم وشانەی ڕێژیم لە کوێدا جێگەی دەبێتەوە.

ئیدعاکانی ڕێژیمی ئێران کە حیزبی دێموکرات هیچ پێگە و شوێنێکی نییە، ڕاست بە پێچەوانەی قسە و لێداونەکانی خۆیانە و ئێستاش و لە ڕابردووشدا بە فەرمی دانیان بەوەدا ناوە کە خەڵک بە پیر بانگەوازی حیزبی دێموکراتەوە دەچێت.

ئەو داناپێدانانەی ڕێژیم ڕێک دانپێدان بە شکستی خۆی لەبەرانبەر حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێراندایه.