کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیم دۆخی ئامادەباشی ڕاگەیاند

13:49 - 2 خاکەلێوه 2719

کوردستان میدیا: ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە ترسی شکۆی بەشداریی خەڵک لە ڕێوڕەسمەکانی چوارشەممە سووری و نەورۆزدا تەواوی هێزەکانی خۆی خستە ئامادە باشییەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕۆژی دووشەممە ٢٧ی ڕەشەمە،لە کۆبوونەوەی فەرماندەیی پایەگاکانی بەسیجی ڕێژیم لە نێوشار،فەرماندەی گوردانی "بەیتولموقەدەس"، فەرماندەی گورووهان ودەستەکانی گوردانی بەیتولموقەدەس له نێو سپادا بەڕێوه چووە و تەواوی مۆڵەتی پشووی هێزە چەکدارەکانی سپا و هێزی نیزامی ڕێژیم هەتاکوو ڕۆژی یەکشەممەی حەوتووی داهاتوو هەڵوەشاوەتەوە.

ئەو کۆبوونەوە لەسەر بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی چوارشەممەسووری و نەورۆز گیراوە و لە ترسی ناڕەزایەتی دەربڕین و خرۆشانی خەڵک و گوردانی بەیتولموقەدەس ئامادەباشیی ڕاگەیاندووە.

هەروەها لەو ڕاپۆرتەدا هاتووە، کاربەدەستانی نیزامی دەبێ لەگەڵ هێزی ئێنتیزامی هەماهەنگی بکەن و هەروەها دەبێ گەشتەکانی ئێتلاعات چالاک بن وله نێوشاردا بگەڕێن وهاتووچۆ بکەن وئەو ئەوکەسانەی کە لێیان بە گومانن شوناسی بکرێن و لە کاتی پێویستدا دەسبەسەر بکرێن.

لەبەشێکی دیکەی ئەم ڕاپۆرتەدا هاتووە، کە فەرماندەکانی هێزەکانی ڕێژیم لە کوبوونەوەکەیاندا باسییان لە دەرگیرییەکەی چەند ڕۆژ لەمەو پێشی سپا لەگەڵ هێزێکی نادیاردا لەسەر سنووری شاری بانە کردووە و لایەنی بەرانبەری ئەو دەرگیرییەیان بە حیزبی دێموکرات زانیوە و تاوانەکانی خۆیان خستووەتە ئەستۆی خەڵکی کوردستان؛ هەواڵی ئەم دەرگیرییە لە میدیاکانی سەر بە ڕێژیمەوە بڵاو کرایەوە. ئەم لێدوانانەی کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێران لە حاڵێکدایە کە ڕاستییەکان ئەو دەنگۆ و چەواشەکاریانە بە درۆ دەخەنەوە، چونکە هێزی پێشمەرگەی کوردستان بە پێچەوانەی قسەکانی ڕێژیم لە ناوخۆی کوردستاندان نەک لە سەر سنوورەکاندا.

هەر بەو بیانووەوە ڕێژیم، هێزێکی ٤٠ کەسیی یەگانی تایبەت کە سەر بە پادگانێکی نزیک شاری "میاندووئاو"ن هێناویەتە  نێو پادگانەکانی هێزی ئینتیزامی بانە و لەوێ جێگیر کردوون.

ئەو هێزانە بە هێزی دژە شۆڕش ناسراون و به ماشینگەلێک لە جۆرەکانی"چوارونێو و ٣ئێف" هاتوون وڕەنگی ماشینەکانیان ڕەشە و تایبەت کراون بە شەڕ و تێکهەڵچوونی نێو شەقام و شارەکان.

هەروەها باس لەوە کراوە کە ئەو هێزانە چەک و کەرەستەگەلێکی وەک: "داری دەستی، باتۆم، دەمانچه، تفەنگی ساچمەهاوێژ و چەکی فلاش باڵ و هەروەها چەکگەلێک وەک کڵاشینکۆف، قەناسه و نارنجۆک هاوێژیان" پێیه و هەتا ئێستاش دیار نییە چ کاتێک شاری بانە بەجێدەهێڵن.