کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیم دەستی کردووە بە گرتنی هاووڵاتییانی کورد

12:02 - 23 پووشپەڕ 2719

کوردستان میدیا: شەپۆلێکی گیران، تۆقاندن و ڕفاندنی لاوانی شارستانی نەغەدە، لە لایەن هێزە ئێتلاعاتییەکانی پارێزگای "ورمێـ"ـوە دەستی پێکردووە.

به‌پێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەری کوردستان میدیا، لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بەتایبەت لە شارستانی نەغەدە، شەپۆلێکی دەسبەسەرکردن دەستی پێکردووە.

ئەم دەسبەسەرکردنانە لە دوای بەسزاگەیاندنی چەند کەسێک لە بەکرێگیراوانی ڕێژیم لە شاری پیرانشار، کە دڵخۆشی و شادیی بەشێکی زۆر لە هاووڵاتییانی ناوچەکەی لێکەوتەوە، هاتووەتە ئاراوە.

هەروەها پاش سزادانی چەند جاشێک لە شاری نەغەدە لە لایەن هەڵۆکانی زاگرۆسەوە و بەتایبەت لەو حەوتوویەشدا کە چالاکی و ناڕەزایەتییەکان بە بۆنەی تێرۆری ڕێبەری ناوداری کورد، دوکتور قاسملوو، شار و ناوچەکانی کوردستانی گرتەوە، ئەم گرتن و ڕفاندنانە ڕووی لە زیادکردن کردووە و ڕێژیم بە تۆمەتگەلی جۆراوجۆر خەڵک دەسبەسەر دەکات.

هەروەها تا کاتی ئامادەبوونی ئەم هەواڵە، بەهۆی بەردەوامیی دەسبەسەرکردنەکان، ئامارێکی ڕوون لەسەر ڕێژەی گیراوەکان لەبەر دەستدا نییە.

هاوکات، هیچ ئۆرگانێک و دەزگایەکی ڕێژیمیش وڵامدەری بنەماڵەی دەسبەسەرکراوان نییە و شوێنی ڕاگواستنیان ناڕوونە؛ هەر ئەوەش بووەتە جێگای نیگەرانی و دڵەڕاوکێی بنەماڵەی ئەم کەسانە کە لە لایەن سپای تیرۆریستی ‌پاسدارانەوە دەسبەسەر کراون.