کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیم دەڵێت ٧٠ لەسەدی خەڵکی ئێران برسین

18:00 - 22 خەزەڵوەر 2719

کوردستان میدیا: یەکێک لە بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران باسی لەوە کردووە  کە ٦٠ میلیۆن کەسی برسی لە ئێراندا هەن کە ئەم ڕێژەیە نزیک بە ٧٠ لەسەدی حەشیمەتی گشتیی ئێران لەخۆ دەگرێت.

"عەلی ڕەبیعی"، وتەبێژی دەوڵەتی ڕۆحانی باسی لەوە کردووە کە ٦٠ میلیۆن ئێرانی پێویستیان بە پشتیوانیی خۆراکی هەیە.

حەسەن ڕۆحانی، سەرکۆماری ڕێژیمی ئێرانیش سەبارەت بە گەڵاڵەی ڕێژیم بۆ پشتیوانیی خۆراکی وتوویەتی گەلاڵەکە زیاتر لە ١٨ میلیۆن بنەماڵە و کەسانێکی دیکەش لەخۆ دەگرێت.

ناوبراو هەروەها لە قسەکانی ڕۆژانی ڕابردووی خۆیدا لە شاری کرمان، دانی بەوەدا ناوە کە لە ٢٥ میلیۆن بنەماڵەی ئێرانی، ١٨ میلیۆنیان دۆخی ئابوورییان نالەبارە.

دانیشتووانی ناوچە پەراوێزخراوەکانی کۆمەڵگا وەکوو یارمەتیخوازان، ژنانی سەرپەرستی بنەماڵە، کەسانێک کە داهاتی نەگۆڕیان هەیە و خانەنشینکراوان لەو کەسانەن کە لەم گەڵاڵەیەی ڕێژیمدا جێگە دەگرن.

دۆخی نالەباری ئابووری لە ئێراندا جیا لەوەی کە ژیانی خەڵکی لەگەڵ کێشە بەرەوڕوو کردووەتەوە، وەکوو یەکێک لە گرینگترین ناکۆکییەکانی نێوان دەسەڵاتی خودی ڕێژیمی ئێرانیش بەئەژمار دێت.