کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیم، زیانبەرکەوتووانی لافاو لە لوڕستان قەرەبوو ناکاتەوە

11:37 - 1 گەلاوێژ 2719

کوردستان میدیا: ١٤هەزار و ٥٠٠ کەیسی ئاودانکردنەوەی زیانبەرکەوتووانی لافاوی ئەمساڵ، ڕەتکراوەتەوە.

ڕۆژی دووشەممە، ٣١ی پووشپەڕ، هەواڵدەریی "ئیلنا"ی سەر بە ڕێژیم، لە زاری "غوڵامڕەزا ئاقامیرزایی"، بەرپرسی گشتیی کۆنترۆڵکردنی قەیرانەکانی پارێزگای ئیلام، بڵاوی کردووەتەوە: "بەهۆی لێکۆڵینەوەکانی ناوەندی لێکۆڵینەوەی فەزایی وڵاتەوە، بۆمان دەرکەوتووە کە ١٤ هەزار و ٥٠٠ کەیسی بەرهەمهێنەر، وەرزێڕ و ئاژەڵدارە زیانبەرکەوتووەکانی لافاوی ئەمساڵ، کە بڕیار بووە قەرەبوو بکرێنەوە، ڕەتکراوەتەوە".

بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران لە کاتی کارەساتی ڕوودانی لافاوەکان و لە سەردانێکدا بۆ ناوچە لافاولێدراوەکانی پارێزگای خووزستان، داوایان لە خەڵکی زەحمەتکێش و باخدارانی ئەو ناوچانە کردبوو کە ڕێگا بدەن بە نێو باخ و زەوینە کشتوکاڵییەکانیاندا ڕێڕەوی لافاو بکەنەوە، تاكوو زیانی زۆرتر بەر شارەکان نەکەوێت و بەڵێنیی ئەوەشیان دابوو کە هەموو زەرەر و زیانەکان بە زیادەوە قەرەبوو بکەنەوە، بەڵام نەتەنیا هیچ ئاوڕێک لەو خەڵکە نادەنەوە، بەڵکوو بەڵێنەکانی خۆیشیان لەبیر نەماوە و تەنانەت کەیسی ئەو کەسانەش کە بەڵێنیی قەرەبوویان پێدراوە، ڕەت دەکرێتەوە.

ئەم بەرپرسەی ڕێژیم لە بەشێک لە قسەکانیدا ئەوەی ڕاگەیاندووە کە ئەگەر ئەم کێشەیە چارەسەر نەکرێت، ئەوا لەگەڵ ناڕەزایەتیی توندی ئەم خەڵکانە بەرەوڕوو دەبنەوە.

لە سەرەتای سەری ساڵ و نەورۆزی ئەمساڵدا، کارەساتی لافاو ڕووی دا و زەرەر و زیانێکی زۆر بە خەڵکی ئەو ناوچانە گەیشت و تاکوو ئێستا ڕێژیم هیچ هەنگاوێکی بۆ قەرەبووکردنەوەی زیانەکان هەڵنەگرتووە.