کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیم ١٩ ساڵە ئاوی پیس بە خەڵکی سنە دەدات

11:34 - 14 خەزەڵوەر 2721

مانگی ڕەشەمەی ساڵی ١٣٨١ی هەتاوی بارهەڵگرێک کە ٣٠ هەزار لیتر ماددەی کیمیایی MTBE (بۆ دروستکردنی بێنزین بەکار دەهێنرێت) پێی بووە لە کەنار بەنداوی سنە تووشی ڕووداوی هاتوچۆ ببوو و ئەو ماددە کیمیاییە ڕژابووە نێو بەنداوی قشڵاقی سنە، ئەو کات کاربەدەستانی پەیوەندیدار هیچ هەوڵێکیان بۆ خاوێنکردنەوەی ئەوبەنداو لەو ماددە کیمیاییە نەدا.

ئەوە لە حاڵێکدایە کە بەنداوی قشڵاق سەرچاوەی ئاوی خواردنەوەی بەشێکی زۆر لە دانیشتووانی "سنە"یە.

ئەو کات کارناسان وتبوویان دەبێ ئاوی ئەو بەنداوە بە تەواوی بەتاڵ بکرێت و بنی بەنداوەکە بە جوانی خاوێن بکرێتەوە بەڵام ئەوە ١٩ ساڵ لەو ڕووداوە تێپەڕیوە و هیچ هەوڵێک بۆ خاوێن کردنەوەی ئەو بەنداوە نەدراوە.

بەهۆی ڕژانی ئەو ماددە کیمیاییە، ئاوی ئەو بەنداوە تام و بۆنێکی ناخۆشی هەیە و ماوەیەکە خەڵک تووشی نەخۆشیی جۆراوجۆر دەبن.

دانیشتووانی سنە ناچارن بۆ دابینکردنی ئاوی خواردنەوە لە سەرچاوە سروشتییەکان کەڵک وەرگرن یان بە تانکێر ئاو بکڕن.

هەتا ئێستا چەندین جار دانیشتووانی سنە سکاڵایان تۆمار کردووە و سەرەڕای ئەویکە هیچ وڵامێکیان پێ نەداونەتەوە پێیان دەڵێن ئەو ئاوە هیچ کێشەیەکی نییە.

بەهۆی خراپی جادەی کەنارئاوی بەنداوی قشڵاق لە ماوەی ساڵەکانی ١٣٨١ هەتا ١٤٠٠ی هەتاوی زیاتر لە ٧٠ تانکێر تووشی ڕووداوی هاتوچۆ بوونە.