کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیم سواڵ لە قوتابییەکان دەکات

13:36 - 21 خاکەلێوه 2719

کورستان میدیا: ڕێژیمی ئێران لە جیاتی ئەوەی کە به دۆخی نالەباری قوتابخانەکان ڕابگات، داوای یارمەتییان لێ دەکات.

بەپێی هەواڵی هەواڵنێری ماڵپەری کوردستان میدیا: لە قوتابخانەکانی شار و گوندەکانی مەهاباد، بە بیانوی یارمەتی بەڵافاولێدراوان، داوای هێنانی پارە لە قوتابییان کراوە.

ئەو سەرچاوەیە باسی لەوە کرد، لە قوتابخانەکانی شار و گوندەکانی مەهاباد، بە بیانووی یارمەتیدان بە لافاولێدراوان هەر قوتابییەک پاکەتێکی پێ دراوە کە بەپێی توانا پووڵی تێ بخات.

ڕێژیمی ئێران، لە چەند ساڵی ڕابردوودا، تەواوی تێچووەکانی لە ئەستۆی قوتابییان خستووە و تەنانەت لە قوتابخانەکان خزمەتگوزار و سەرایەداری فەرمییان نییە و مووچەی سەرایەدارەکان لە لایەن قوتابییانەوە  دەدرێت.

ئەوە لە حاڵێکدایە، دۆخی قوتابخانەکانی کوردستان لە ئاستێکی زۆر نالەباردایە و قوتابییان لە دۆخێکی زۆر دژوار و مەترسیداردا دەخوێنن.

 شار و گوندەکانی کوردستانی ئێران، هەنووکە پێویستییان بە چەندین قوتابخانەی نوێ هەیە و بەرپرسانی پێوەندیداری ڕێژیمی ئێرانیش بە درێژەدانی سیاسەتی هەڵاواردن بە دژی خەڵکی کوردستان و نەتەوە بندەستەکان، هیچ هەنگاوێک بۆ چارەسەریی ئەو پرسە هەڵ ناگرن.

هەروەها، ڕێژیمی ئێران ئەو یارمەتییانەی کە لە قوتابییانی وەر دەگرێت، بە هیچ شێوەیەک لە قوتابخانەکانی خەرج ناکات و بۆ ئامانجێ خۆیان بەکاری دێنن.